قوباد تاڵه‌بانی: یه‌كێتی ئاماده‌یه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكان
قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ئه‌ندرۆ بیزڵی كونسوڵی گشتیی بریتانیا له هه‌رێم رایگه‌یاند، یه‌كێتی ئاماده‌یه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێك له‌سه‌ر بنه‌مای پره‌نسیپی هاوبه‌شیی راسته‌قینه كه به‌بێ جیاوازی خزمه‌تی هه‌مو كوردستان بكات.
له كۆبونه‌وه‌كه‌دا كه ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه به‌ڕێوه‌چو، باس له زیانه‌كانی لافاوه‌كه‌ی چه‌مچه‌ماڵ و ئیداره‌ی گه‌رمیان كرا، كونسوڵی گشتیی بریتانیا هاوخه‌می خۆی بۆ خانه‌واده و كه‌سوكاری قوربانیان و زیانلێكه‌وتوانی لافاوه‌كه ده‌ربڕی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانیش ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، هه‌مو رێوشوێنێكی پێویست گیراوه‌ته‌به‌ر بۆئه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوان بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان و هه‌نگاوی پێویستیش ده‌گرنه‌به‌ر بۆ رێگریكردن له دوباره‌بونه‌وه‌ی روداوی هاوشێوه له داهاتودا.
له ته‌وه‌رێكی تر باس له پیكهێنانی حكومه‌تی داهاتوی هه‌رێم كرا و له‌مباره‌یه‌شه‌وه، قوباد تاڵه‌بانی جه‌ختیكرده‌وه یه‌كێتی ئاماده‌یه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێك له‌سه‌ر بنه‌مای پره‌نسیپی هاوبه‌شیی راسته‌قینه كه به‌بێ جیاوازی خزمه‌تی هه‌مو كوردستان بكات.
سه‌باره‌ت به پیكهێنانی حكومه‌تی داهاتوی عێراقیش، قوباد تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به سه‌ردانه‌كه‌ی چه‌ند رۆژ له‌مه‌وبه‌ری وه‌فدی باڵای یه‌كێتی كرد بۆ به‌غدا و رایگه‌یاند، له سه‌ردانه‌كه‌دا دید و به‌رنامه‌ی یه‌كێتیمان بۆ لایه‌نه عێراقییه‌كان رون كردوه‌ته‌وه و جه‌ختمان كردوه‌ته‌وه له‌سه‌ر پێویستیی پێكهێنانی حكومه‌تێكی به‌هێز كه بتوانێت كێشه‌كانی عێراق و له‌ناویشیاندا كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به لێكتێگه‌یشتن و به‌پێی ده‌ستور چاره‌سه‌ر بكات.
