قوباد تاڵەبانى: پڕۆسەى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق سەرکەوتوو بووە
قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، ڕایگەیاند، پڕۆسەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، سەرکەوتوو بووە و هیواشیى خواست، حکومەتى نوێى عێراق بەزوویی پێکبهێنرێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، نووسینگەى ڕۆژنامەوانى جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، ئاماژەى بەوەکردووە، ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـى تشرینى دووەمى 2025، قوباد تاڵەبانى، لەگەڵ زیاد بەتارسە، کونسوڵى گشتیى نوێیى ئوردن لە هەرێمى کوردستان، کۆبووەوە لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا تاوتوێى چۆنیێتى پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ئوردن لە بوارە جیاوازەکان کرا.
قوباد تاڵەبانى، لەبارەى هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقەوە ئاماژەى بەوەکرد، هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو و هیواشی خواست حکومەتی نوێی عێراق بە زوویی پێکبهێنرێت. جەختی کردەوە "دەبێت ئەولەوییەتی هەردوو حکومەتی داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بێت".
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمى کوردستان و ئۆردن کرا و هەردوولا بە گرنگیان زانی ئەو پەیوەندییانە لە بوارە جیاوازەکانی وەک بازرگانی و کلتوری و پەروەردەیی و خوێندنی باڵادا پەرەی زیاتری پێ بدرێت.
هەر لەم چوارچێوەیەدا ئاماژە بە دامەزراندنی کۆمیسیۆنی فیلمی کوردستان کرا، کە ئەو کۆمیسیۆنە دەتوانێت وەک پردێکی پەیوەندیی بەهێز لە نێوان هەرێم و ئۆردن دا ڕۆڵ ببینێت.
