قوباد تاڵەبانی: مام جەلال موڵکی هەموو عێراق بوو و بەرنامەکەی جێبەجێ دەکەین
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "مام جەلال بڕوای تەواوی بە ئازادیی رادەربڕین هەبوو و موڵکی هەموو عێراق بوو و بەرنامەکەی جێبەجێ دەکەین".
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی هەشتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی لە زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، "مام جەلال باوکی ئێمە بوو و مامێک بوو بۆ عێراقییەکان و موڵکی هەموو عێراق بوو".
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی راگەیاند، "تەنیا پابەند نابین بە رێبازی مام جەلال، بەڵکو بەرنامەی مامیش جێبەجێدەکەین".
هەروەها باسی ئەوەشیکرد، "مام جەلال بڕوای تەواوی بەئازادی و ئازادیی رادەبڕین و راگەیاندنی ئازاد و ئاشتی و یەکسانی لەنێوان ژن و پیاودا هەبوو و خەباتی لەپێناو ئەو ئازادییەدا کرد و بڕواشی بەسەروەریی یاسا هەبوو".
قوباد تاڵەبانی لە کۆتایی گوتارەکەیدا رایگەیاند، مام جەلال شانازیی بە سلێمانی دەکرد و مام لە پاڵ شانازییەکان بۆ سلێمانی رەخنەشی هەبوو".
