قوباد تاڵەبانی: پیرۆزە لە زاخۆی دەلال و هەموو کوردستان
قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهان لە یانەی زاخۆ دەکات و رایگەیاند: شیرینی و خۆشی بردنەوەی ئەم خەڵاتە لەوەدایە کە بەرهەمی هاوسۆزی و پاڵپشتی هەموو خەڵکی کوردستان بوو.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند: بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهاندا، شانازییەکی گەورەیە بۆ یانەی زاخۆ و وەرزشی کوردستان و بۆ هەموو خەڵکی کوردستان. لە دڵەوە پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ و هاندەران و دانیشتووانی زاخۆ و هەموو کوردستان دەکەم.
وتیشی: شیرینی و خۆشی بردنەوەی ئەم خەڵاتە لەوەدایە کە بەرهەمی هاوسۆزی و پاڵپشتی هەموو خەڵکی کوردستان بوو. گەلی کورد کەوا بەو هەموو ستەم و سەرکوت و ئازارەی بەسەریدا هاتووە، هەر زیندووە و هەر بەرەوپێش دەچێت، بەرهەمی ئەو هاوسۆزی و یەکدڵییەی خەڵکە.
ئەوەش دەڵێت: لەم ماوەیەدا هەمووان یەکدڵ و یەکدەنگ پشتیوانیی زاخۆ بوون و ئەمڕۆش لە جەژن و خۆشیی زاخۆییەکاندا بەشدارن، هەروەکچۆن لە ماوەی هەفتەی رابردوودا لە ناخۆشیشدا هەمووان هاوسۆز و پشتیوانیی خەڵکی چەمچەماڵ و گەرمیان بوون. ئەم هەستە پیرۆزەی هاوسۆزی و هاوچارەنووسی و یەکدەنگییەی لەناو خەڵکی کورددا هەیە، هیوادارین بگوازرێتەوە بۆ ناو سیاسەتیش، چونکە ئەمە رێگە دروستەکەیە بۆ ئەوەی گەلەکەمان بەرەو دەستکەوتی گەورەتر هەنگاو بنێت.
