قوباد تاڵەبانی پەیامێک لەبارەی ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییەکان بڵاوکردەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان، پەیامێک لەبارەی ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییەکان بڵاوکردەوە و لە پەیامەکەی هاتووە، "لە نۆیەمین ساڵیادی جینۆسایدی خوشک و برا ئێزیدییەکانمان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، یادی هەموو قوربانییەکانی ئەم تاوانە ترسناکە دەکەینەوە".
هاتووەش، "ئێزیدییەکان لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی دڕندەیی و ستەمێکی گەورە بوونەتەوە، دوایین قۆناغیان کۆمەڵکوژییان بوو لەلایەن داعشەوە، بەڵام ئەمجارە بەتەنیا نەبوون، بەڵکو هەموو کورد و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتی لەگەڵیان بوون".
تاڵەبانی وتیشی، حکومەتی بەریتانیا چووە لیستی ئەو وڵاتانەی کە بە شێوەیەکی فەرمی تاوانەکەیان بە جینۆساید ناساندووە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بەدیهێنانی دادپەروەری و پاراستنی ئێزیدییەکان کە بەرەو پێشەوە دەچن، دەمەوێت سوپاسی حکومەتی بەریتانیا و هەموو ئەو وڵاتانە بکەم کە ئەم هەنگاوە گرنگیان گرتۆتە بەر.
