قوباد تاڵەبانی: کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بە گەڕانەوە بۆ دەستور چارەسەر دەکرێن
قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەفدێکی باڵای یەکێتی سەردانی بەغدادی کرد و لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق کۆبووەوە.
نوسینگەی ڕۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە،لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرلەئێوارەی ئەمڕۆبەڕێوەچوو، باس لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کرا و هەردوولا هاوڕابوون، بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردن دەستکەوتێکی گرنگی دیموکراسییە بۆ هەموو گەلی عیراق و هیوایان خواست بەپێی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن حکومەتێک پێکبهێنرێت کە لە ئاستی چاوەڕوانی و رەزامەندیی هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا بێت.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیوایە بەشێکی گەورەی کێشەکانی عیراق و لەناویشیاندا کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بە گەڕانەوە بۆ دەستور چارەسەر دەکرێن، هەربۆیە یەکێتی، پابەندبوون بە دەستور و جێبەجێکردنی هەموو مادەکانی دەستور بە تەنها رێگەچارە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و هەنگاونان بەرەو عیراقێکی سەقامگیرتر و گەشەسەندوو دەزانێت.
سەرۆکی وەفدی یەکێتی لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە، یەکێتی پێداگرە لەسەر ئەوەی ئەولەوییەتی یەکەمی هەردوو حکومەتی داهاتووی هەرێم و بەغداد دەبێت چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بێت، بە تایبەتیش کێشەی بودجە و نابێت بە هیچ شێوەیەک چیتر بودجە وەک مافێکی دەستوری خەڵکی کوردستان بخرێتە چوارچێوەی ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکانەوە.
