قەرەبوی خاوەن ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتوەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ دەستیپێکرد
کۆمسیۆنی فریاگوزاری بوژاندنەوەی چەمچەماڵ، دەسپێكردنی قەرەبوكردنەوەی خاوەن ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتوەکانی لافاوەکەی ڕاگەیاند و ئەمڕۆ بە بڕی نزیكەی یەك ملیار دینار قەرەبوی 694 ئۆتۆمبێلی زیان لێكەوتو دەكرێتەوە. كە هاوكارییەكان لە 100 هەزار دینارەوە دەسپێدەكات تاكو 15 ملیۆن دینار.
عەتا محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی فریاگوزاری بوژاندنەوەی چەمچەماڵ ئەمڕۆ چوارشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، قۆناغێكی دیكەی قەرەبوكردنی زیانلێكەوتوانی لافاوەكەی چەمچەمال دەسپێدەكەن و ئەمڕۆ قەرەبوی 694 ئۆتۆمبێلی زیان لێكەوتو دەكرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، نزیكەی 800 خاوەن ئۆتۆمبێل سكاڵا و داواكارییان پێشكەش كردوە بۆ قەرەبوكردنەوە و ئەو 694 ئۆتۆمبێلە لەوانە جیاكراونەتەوە و ئەوانەی دیكەش مەرجەكانیان تێدا نەبوە. یاخود لیژنەی بەراد و پسپۆر نەیان سەلماندوە كە زەرەرمەندی لافاون.
بەوتەی عەتا محەمەد، هاوكارییەكان لە 100 هەزار دینارەوە دەسپێدەكات تاكو 15 ملیۆن دینار، ئەوەش بەگوێرەی زیانەكانە كە لیژنەی تایبەت هەڵسەنگاندیان بۆ كردوە. بڕی پارەكەشی نزیكی یەك ملیار دینارە.
دەشڵیت، "قۆناغی داهاتو قەرەبوكردنەوە دوكان و شوێنە بازرگانیەكانە كە هەفتەی داهاتو دەسپێدەكات"، پاشان پێداچونەوە بۆ سكاڵاكان دەكرێت.
ڕۆژی 9ـی ئەم مانگی رابردو شەپۆلێكی بارانبارین هەرێمی كوردستانی گرتەوە و بەهۆیەوە لافاو لە چەند ناوچەیەك دروستبو كە بوە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج كەس و زیاتر لە دو هەزار و 600 ماڵیش زیانیان بەركەوت كە زۆربەی زیانەكانی لە چەمچەماڵ و دەروبەری بون. ئەوەش بەگوێرەی ئامارەكانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی حكومەتی هەرێم.
