كۆمسیۆن: تا ئێستا هیچ سكاڵایەك نەبووە كە كاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەبێت
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دووپاتی كردەوە، ئەو سكاڵایانەی سەبارەت بە ڕۆژانی دەنگدانی تایبەت و گشتی دەستیان كەوتووە، هێشتا هیچ حاڵەتێكیان لەخۆ نەگرتووە كە بتوانێت كاریگەری لەسەر ئەنجامە كۆتاییەكان هەبێت. كۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەدا كە ژمارەی سكاڵاكان كەمن، هیچیان وەك سوور (پۆلێك لە سكاڵای جددی) پۆلێن نەكراون.
دادوەر عامر حوسێنی سەرۆكی بەشی هەڵبژاردنەكان لە كۆمسیۆن لەلێدوانێکدا کەموتەڵع بەدواداچوونێ بۆ کردووە ڕاگەیاند : كۆمسیۆن دەستیكردووە بە وەرگرتن و پۆلێنكردنی سكاڵاكانی پەیوەست بە ڕۆژی دەنگدانی تایبەت و ژمارەكەیان كەم بووە، ڕوونیشی كردەوە كە سكاڵاكان بۆ سێ بەش پۆلێن كراون: زەرد: سكاڵا بەبێ بەڵگە پێویستی بە وەڵامدانەوە هەیەڤن سەوز: سكاڵا كە پێویستی بە لێكۆڵینەوەی ئیداری هەیە بەڵام كاریگەری لەسەر ئەنجامەكان نییە و سوور: ئەو سكاڵایانەی كە دەتوانن كاریگەرییان هەبێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.
حوسێنی پشتڕاستی كردەوە : كە پۆلێنكردنی سكاڵاكانی پەیوەست بە دەنگدانی تایبەت هیچ سكاڵایەكی لەخۆ نەگرتووە كە بە سوور پۆلێنكراون.
ئاماژەی بەوەشكرد : لە ئێستادا كۆمسیۆن بەردەوامە لە پۆلێنكردنی سكاڵاكانی پەیوەست بە ڕۆژی دەنگدانی گشتی، ئەمڕۆش دوا ڕۆژە بۆ وەرگرتنی ئەو سكاڵایانە و ڕوونیشیكردەوە سكاڵاكان لە ڕێگەی فەرمانگەكانی هەڵبژاردنەوە یان ڕاستەوخۆ بۆ فەرمانگەی نیشتمانی وەردەگرن، و هێشتا ژمارەیان بۆ نەكراوە، بەڵام ژمارەیان كەمە و ئەمڕۆ پێنجشەممە كۆمسیۆن ڕایگەیاند، 101 سكاڵایان سەبارەت بە پرۆسەی دەنگدانی گشتی و تایبەت پێگەیشتووە، كە 44 سكاڵا پەیوەندییان بە دەنگدانی تایبەتەوە هەیە و 57 سكاڵاش پەیوەندییان بە دەنگدانی گشتییەوە هەیە، ڕوونیشیكردەوە تا ئێستاش ئەو سكاڵایانە لەلایەن لیژنە پەیوەندیدارەكانەوە پێداچوونەوەیان بۆ دەكرێت، وەك ئامادەكارییەك بۆ گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی بەگوێرەی پەیڕەو و ڕێكارە دامەزراوەكان.
