كۆمسیۆن هەڵبژاردنەکان : ڕەنگە لە هەفتەی داهاتوو ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن ڕابگەیەنرێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دووپاتی كردەوە كە ڕەنگە هەفتەی داهاتوو ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن ڕابگەیەنرێت، لەكاتی دیاریكردنی وادەی كۆتایی هاتنی تەواوەتی پرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا، كۆمیسیۆن میكانیزمی حیسابكردنی كورسییەكانی بەپێی شێوازی سانت لیگوێ ڕوونكردەوە.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆن لەلێدوانێکدا کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: كۆمسیۆن سەرقاڵی پرۆسێسكردنی ئەنجامەكانی ئەو بنكانەی دەنگدانن كە تا ئێستا پێشكەشیان نەكردووە، ئەم ئەنجامانە دەخرێنە ناو سەنتەری خشتەی دەنگدانەوە، دەنگەكانی ئەو وێستگانەش هەژمار دەكرێن وەك ئامادەكارییەك بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامە كۆتاییەكان، ئاماژەی بەوەشكردووە ئەم پرۆسەیە هاوكات لەگەڵ چارەسەركردنی سكاڵاكان ئەنجام دەدرێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە : ئەنجامی كۆتایی دوای یەكلاییكردنەوەی سكاڵاكان ڕادەگەیەنرێت، لەوانەیە لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا، ئاماژەی بەوەشكرد ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان بڕیارێكە لەلایەن دەستەی كۆمیساریاوە دراوە.
ئەو ڕوونی كردەوە : كە هەموو بڕیارەكانی دەستەی كۆمیسیاران لە ماوەی سێ ڕۆژدا لە دوای بڵاوكردنەوەی لە ماڵپەڕی فەرمیدا، تانەیان لێدەدرێت و ئاماژەی بەوەشكردووە كاتێك پرۆسەی تانەدانەكان كۆتایی هات كە حەوت ڕۆژی كاركردنی بۆ كۆمسیۆن و دە ڕۆژی دەوێت بۆ دەسەڵاتی دادوەری دەگەینە كۆتایی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان، ئەو ڕوونیكردەوە كە هەموو دەنگەكان دەخرێنە ناو بەرنامەیەكی تایبەتەوە كە شێوازی سانت لیگوێ بۆ تەرخانكردنی كورسییەكان حیساب دەكات، كۆمیسیۆنەكەش ژمارەی كورسییەكان ڕادەگەیەنێت.
سەبارەت بە میكانیزمی حیسابكردنی كورسییەكان بەپێی شێوازی سانت لیگوێ، غەلای پشتڕاستی كردەوە : كە ژمارەی كورسییەكان بە بەكارهێنانی بەرنامەیەكی تایبەت حیسابی بۆ دەكرێت كە دەنگی كاندیدەكان دەخاتە ناوەوە، دواتر ئەم بەرنامەیە كورسییەكانی هەر پارێزگایەك بە وردبینییەكی زۆر دابەش دەكات.
