كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان پێشنیاز دەكات وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری بكرێت
عومەر ئەحمەد محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق وەڵامی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەداتەوە سەبارەت بە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەو وادەیەی دیاریكراوە.
کۆمسیۆن لەوەڵامێکی فەرمیدا کەئاڕاستەی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم كراوە، رایدەگەیەنێت: "ئەو مەرسومەی رۆژی 25ی2ی2024 ی بۆ وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی داریكردووە، بەڵام ناتواندرێت لەو وادەیەدا بكرێت بەو پێیەی پێویستی بەئامادەكاری و كاتی گونجاوی پێشوەختە بەپێی خشتەی ئامادەكاری هەبێت" و بەپێی ئەو وەڵامەی سەرۆكی كۆمسیۆن وادەی دیاریكراو یارمەتیدەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نییە لە 25ی2ی ئەمساڵدا.
هەربەگوێرەی نووسراوەكە، كۆمسیۆن هۆكاری دواخستنەكە دەگێڕێتەوە بۆ رێكارە ژمێریارییەكانی وەزارەتی دارایی پەیوەندیدار بە پارەداركردن كە رێگربووە لە جێبەجێكردنی خشتەكەی كۆمسیۆن سەبارەت گرێبەستكردن و كڕینی پێداویستییەكانی هەڵبژاردن.
سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق پێشنیاز دەكات: "وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری بكرێت و هاوئاهەنگی لەگەڵ كۆمسێۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بكرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی سەركەوتو لە هەمو رویەكەوە بەڕێوەببرێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان".
