كۆمكاری عەرەبی بڕیارنامەی ئیدانەكردنی بۆردومانەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر پەسەند دەكات
ئەمڕۆ چوارشەممە، كۆمكاری عەرەبی بڕیارنامەیەكی پەسەند كرد كە بۆردومانی ئێران بۆ سەر هەولێر ئیدانە دەكات.
وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: كۆمكاری دەوڵەتانی عەرەبی بە توندی ئیدانەی بۆردومانەكەی ئێرانی كرد كە ڕۆژی سێشەممە 16/1/2024 بۆ سەر هەولێر ڕوویدا، ئاماژەی بەوەشكرد: لەو بارەیەوە كۆمكاری عەرەبی رەشنووسی بڕیارنامەیەكی حەوت بڕگەیی پەسەند كرد دوای ئەوەی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە، 1/17/2024 داوای دانیشتنی بەپەلەی كرد.
ئاماژەی بەوەشكرد: بڕیارنامەكە ئیدانەكردنی توندی ئەو بۆردومانەی لەخۆگرتبوو كە كرایە سەر هەرێمی كوردستانی عێراق ، كە لە ئەنجامدا ژمارەیەك هاوڵاتی بێتاوان شەهیدبوون و ژمارەیەك شوێنی مەدەنیش وێرانكران، و بە لەبەرچاوگرتنی ئەم هێرشە بە دەستدرێژییەكی ئاشكرا بۆ سەر سەروەری عێراق و ئاسایشی گەلی عێراق و پێشێلكردنی سەختی پرەنسیپەكانی دراوسێیەتی باش و یاسا و میساق و نۆرمەكانی نێودەوڵەتی دادەنرێت.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، لە بڕیارنامەكەدا ئیدانەی هەموو ئەو پاساو و بیانووانە كراوە كە لەلایەن حكومەتی ئێرانەوە خراوەتەڕوو، كە ماف بە هیچ وڵاتێك نادەن سەروەری وڵاتێكی دیكە پێشێل بكات و ژیانی هاوڵاتیانی بخاتە مەترسییەوە بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەكان و میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان.
رونیشیكردەوە: بریارەكە ئێران بە بەرپرسیار لە هەموو دەرئەنجامەكانی ئەم پێشێلكارییە و بە پێشینەیەكی مەترسیدار دەزانێت كە دووبارەبوونەوەی ڕەنگە ببێتە هۆی تێكدانی تەواوەتی ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە.
ئاشكراشیكرد: بڕیارەكە تەئكیدی لە یەكڕیزی و سەروەری خاكی عێراقی لە بەرامبەر هەر دەستدرێژی و پێشێلكارییەكی دەرەكی كردەوە، هەروەها جەختی لە مافی عێراق كردەوە، وەك ئەندامێكی دامەزرێنەری كۆمكاری دەوڵەتانی عەرەبی و ئەندامی نەتەوەیەكگرتووەكان، پەنا بۆ هەموو رێگاكانی دیپلۆماسی و یاساییەكان ببات، واتە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان و میساقی كۆمەڵەی دەوڵەتانی عەرەبی گەرەنتی كراوە بۆ وەڵامدانەوە لەسەر ئەم پێشێلكاریانە.
لە كۆتایی بەیاننامەكەدا هاتووە: بڕیارەكە داوای لە ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆماری عێراق، پاڵپشتی پێویست كۆبكاتەوە بۆ دەركردنی بڕیارنامەیەك كە ئەم هێرشە بە پێشێلكردنی سەروەری عێراق و پێشێلكردنی بنەمای دراوسێیەتی باش و یاسا و نۆرمە نێودەوڵەتییەكان وەسف بكات، جگە لەوەش، كۆمكاری عەرەبی، ئەنجومەنی باڵیۆزانی عەرەبی لە نیویۆرك، جنێڤ، ڤیەننا، برۆكسل، واشنتۆن، لەندەن، پاریس، پەكین و مۆسكۆ ڕاسپارد كە بڕیارەكە ڕەوانەی وەزارەتەكانی دەرەوەی ئەو وڵاتانە و هەروەها ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بكەن ، و داوا لە سكرتێری گشتی كۆمەڵەكە بكات كە بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە بكات و قسە لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بكات سەبارەت بە ناوەڕۆكی ئەم بڕیارە، ئەوە جگە لەوەی بەدواداچوون بۆ ئەو سكاڵایەی كە عێراق كە پێشكەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی كردووە و لە دانیشتنی داهاتوودا راپۆرتێك پێشكەشی ئەنجومەنی كۆمكاری عەرەبی دەكات.
