كۆنگرەی نۆیەمی یەكگرتووی ئیسلامی لە شارى هەولێر دەستیپێكرد
كەمێک لەمەوبەر كارەكانی كۆنگرەی نۆیەمی یەكگرتووی ئیسلامی لە شارى هەولێر دەستیپێكرد.
بەیانی ئەمڕۆ هەینی 27ـی کانوونی یەکەمی 2024، کۆنگرەی نۆهەمینی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، لەمبارەیەوە سەڵاحەدین بەهادین، ئەمیندارى گشتیى یەكگرتوو، لە وتارى كردنەوەى كۆنگرەکەدا باسی هەندێک کێشە و گرفت لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کرد و رایگەیاند: "مەسەلەى مووچە یەكێک بوو لە گرفتە بەردەوامەكانى ئەم پێنچ ساڵەى رابردوو، ئێمە لەمە بێدەنگ نەبووین".
ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی دەشڵێت: بەداخەوە ئەم خولەى پۆستى ئەمیندارێتى یەكگرتوو پێنچ ساڵ بوو، نەمانتوانى لە ساڵى 2023 كۆنگرە ببەستین "ساڵێكمان بەپێى پەیڕەوى ناوخۆ درێژكردەوە".
لەبارەی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا و گرتنە دەسەڵات لەلایەن چەکدارە توندڕەوکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا نزیک لە تورکیا، سەڵاحەدین بەهائەدین گوتوویەتی: چواردە ساڵە گەلانى سووریا كۆشش و خەبات دەكەن، بێ بەرهەمبوو، بەڵام دیارە لەم وێستگەیە بەخێر گەڕا، دەمانەوێت لە دیمەشقەوە بە دەستور، چارەسەر بۆ حاڵەتى نەتەوەیى كورد دیاریبكرێت.
