لاهور تاڵەبانی: ساختەکاریی گەورە و دیزاینی پێشوەختە بۆ هەردوو حزبی دەسەڵات و لایەنی تر ئامادەکرابوو
لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل ئەمرۆ لە شاری سلێمانی پێشوازییکرد لە رادو بوتوم بەرپرسی نوێی نوسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە هەولێر.
دوای کۆبوونەوەیان، لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاند، بیروڕامان ئاڵوگۆڕکرد دەربارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 20ی ئۆکتۆبەر، بەتایبەت ئەو ساختەکارییە گەورەیە و ئەو دیزاینە پێشوەختە هەرێمایەتییەی بۆ هەردوو حزبی دەسەڵات وهەندێک لایەنی تر ئامادەکرابوو بۆ لەکەدارکردنی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی و ناوبانگی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەمان بە نیگەرانی و هەڵوەستەی زۆرینەی لایەنە سیاسیەکانی دەرەوەی دەسەڵاتکرد بەرامبەر بەو ساختەکارییانەی ئەنجامدراوە، لەو سۆنگەیەشەوە باسمان لە هەوڵ و هەنگاوەکانکرد بۆ داکۆکیکردن و پارێزگاریکردن لە ئیرادەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان.
دەشڵێت: جەختمانکردەوە کە سەنگ و دەنگ و پشتیوانی جەماوەری بەرەی گەل زۆر گەورە و فراوانترە لەو ئەنجامانەی لەم هەڵبژاردنە دیزاینکراوەدا دیاریکراوە.
