لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له پارێزگاکانی دیالە وسەڵاحەددین ونەینەوا یه‌كده‌گرن
چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كه هێزه سیاسییه شیعه‌كان له‌خۆده‌گرێت، بڕیاری خۆی بۆ به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق به هاوپه‌یمانییه‌كی یه‌كگرتو له هه‌رسێ پارێزگای دیاله، نه‌ینه‌وا و سه‌ڵاحه‌دین راگه‌یاند.
به‌شی ڕاگه‌یاندنی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، له راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، "چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ژماره (229) له نوسینگه‌ی عه‌بدولستده فرێجی ئه‌مینداری گشتی هاوپه‌یمانی نه‌هجی وه‌ته‌نی به ئاماده‌بونی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، بۆ تاوتوێكردنی دوایین پێشهاته‌كانی گۆڕه‌پانی نیشتمانی ئه‌نجامدا".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئاماده‌بوان سه‌ره‌خۆشی خۆیان ئاراسته‌ی كه‌سوكاری قوربانیانی ڕوداوه‌كه‌ی كۆلێژی سه‌ربازی چواره‌م له پارێزگای زیقاڕ كرد، هاوكات جه‌ختیان له‌سه‌ر پێویستی ته‌واوكردنی لێكۆڵینه‌وه به‌رده‌وامه‌كان و لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ به‌رپرسان كرده‌وه، هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌سه‌ر كاری له‌پێشینه بۆ پاراستنی ژیانی گه‌نجانی فێرخوازان كرده‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، "ئاماده‌بوان باسیان له ئاماده‌كارییه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان كردوه، جه‌ختیان له‌سه‌ر پێویستی پێشكه‌شكردنی پشتیوانی پێویست و ته‌واوكردنی سه‌رجه‌م ڕێكاره‌كان كرده‌وه".
ڕونیشیكرده‌وه، "به پشتبه‌ستن به ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بڕیاریداوه هاوپه‌یمانی یه‌كگرتو له پارێزگاكانی دیاله و سه‌ڵاحه‌دین و نه‌ینه‌وا به‌شداری له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بكات".
