لیژنە ھاوبەشەکانی ھەرێم و عێراق بۆ چارەسەری کێشەی نەوت دەستبەکاردەبن
لەم ھەفتەیەدا لیژنە ھاوبەشەکانی ھەرێم و عێراق بۆ چارەسەری کێشەی نەوت دەستبەکاردەبن، وەزیری نەوت دەڵێت، ھەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەن نەوت رادەستی سۆمۆ بکرێت و کێشەکە بەیەکجاریی چارەسەر بکرێت.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لە رێگەی دوو لیژنەی ھاوبەشەوە، کە یەکێکیان ھونەری و ئەوەی دیکەیان یاساییە، لەگەڵ حکومەتی ھەرێم گفتوگۆدەکەن بۆ رادەستکردنی نەوتی ھەرێم بە وەزارەتی نەوتی عێراق لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە.
ئەوەشی خستەڕوو، رەنگە لەم ھەفتەیەدا کۆبوونەوەیەکی لیژنە ھاوبەشەکان ئەنجامبدرێت، بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ و دانووستانەکان بە ئامانجی چارەسەرکردنی یەکجارەکی کێشەی نەوتی ھەرێم بەجۆرێک نەوتەکە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت بەمەبەستی ھەناردەکردنی.
باسی لەوەشکرد، ھەرێم لە ئێستادا ٣٧٥ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرھەمدەھێنێت، کە ٤٥ ھەزار بەرمیلی بۆ پاڵاوگەکان دەڕوات و ئەوەی دیکە کە دەمێنێـەوە دەبێت رادەستی وەزارەتی نەوت بکرێت، بۆ ئەوەی لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە ھەناردە بکرێت.
