لیژنەی باڵای ئەمنی: ڕێژەی بەشداریكردن لە دەنگدانی تایبەتدا لە 80% تێپەڕی كرد
سەرۆكی لیژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردنەكان فەریقی یەكەم ڕوكن قەیس محەمەداوی، تەئكیدیكردەوە: پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بە پابەندبوونێكی زۆرەوە و بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بەڕێوەچوو.
محەمەداوی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: پرۆسەی هەڵبژاردنی ئێستا لە ڕووی ئەمنیی و هونەری و كارگێڕییەوە باشترینە, و وتیشی: هێزە ئەمنییەكان ئەركی خۆیان بە پیشەییەتێكی بەرزەوە جێبەجێ كردووە و لە هەمان دوورییەوە لە هەموو كاندیدەكان بوون.
رونیشیكردەوە: پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بە شێوەیەكی تەواو بەڕێوەچوو، بەبێ تۆماركردنی هیچ پێشێلكاری یان كێشەیەكی بەرچاو.
ئاماژەی بەوەشدا: پرۆسەكانی دەنگدان بەبێ داخستنی هیچ شەقام یان دەروازە یان فڕۆكەخانەیەك بەڕێوەچوو، و وتیشی: ڕێژەی بەشداریكردن لە دەنگدانی تایبەتدا لە 80% تێپەڕی كردووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی هۆشیاری و پابەندبوونی بەرزی كارمەندانە.
راشیگەیاند: ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان ڕۆڵێكی سەرەكییان هەبوو لە پاراستنی ناوەندەكانی هەڵبژاردن و پاراستنی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە، جگە لە گواستنەوەی فلاش میمۆری تایبەت بە ئەنجامەكانی دەنگدانی تایبەت بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان، و وتیشی: ئەنجامە سەرەتاییەكانی دەنگدان ڕادەستی قەوارە سیاسییەكان دەكرێت، لە كاتێكدا ئەنجامە كۆتاییەكان هاوكات لەگەڵ دەنگدانی گشتیدا ڕادەگەیەنرێن.
محەمەداوی ئاماژەی بەوەشدا: فلاش میمۆری تایبەت بە دەنگدانی گشتی لە ڕێگەی فڕۆكەی سوپاوە بۆ ناوەندی نیشتمانی دەگوازرێتەوە بۆ دڵنیابوون لە نهێنی و وردبینی، و وتیشی: فڕۆكەكان كەرەستە لۆجستییەكانیش دەگوازنەوە بۆ ناوەندەكانی شارەكان.
دووپاتیشیكردەوە: ئەوانەی ناویان لە تۆمارەكانی دەنگدانی تایبەتدا دەرنەكەوتووە، یان لە دامەزراندنە نوێیەكانن، یان گرێبەستكارن، یان ئەوانەن كە زانیارییەكانیان نوێ نەكردووەتەوە، ڕێگەیان پێدەدرێت لە دەنگدانی گشتیدا دەنگ بدەن، و وتیشی: كارمەندان بە تەواوی ئازادی و بەبێ هیچ فشارێك لەلایەن بەرپرسانەوە دەنگیان داوە.
لە كۆتاییدا وتی: كاری ئەمنی لەم قۆناغەدا باشترینە لەوەتەی خولەكانی پێشووی هەڵبژاردنەكان، و هێزە ئەمنییەكان بە ڕۆحێكی نیشتمانی بەرزەوە كار دەكەن بۆ پاراستنی دەوڵەت و دەستوور و گەل.
