لیژنەی نەوت و غاز پەرلەمانی: لەم ھەفتەیەدا کێشەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم کۆتایی پێدێت
د. سەباح سوبحی، ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەم ھەفتەیەدا کێشەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم کۆتایی پێدێت و دەست بەھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم دەکرێتەوە و ئەو کێشەیە چارەسەردەکرێت. دەشڵێت، "ئەوەی ئێستا کێشەی لەسەرە ئەوەیە ھەرێم داوا دەكات بڕی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ پێداویستی ناوخۆی زیاد بکرێت".
د. سەباح سوبحی، ئەمڕۆ شەممە بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕایگەیاند، کۆتایی ھەفتەی ڕابردو لهگهڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق گفتوگۆیان له بارهی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی كوردستان کردوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، له كۆبونهوهكهدا و له خاڵی یەکەم، گفتوگۆیان لەبارەی 16 دۆلاری کۆمپانیا نەوتیەکانی ھەرێمی کوردستان کرد، کە بۆ ھەر بەرمیلێک 16 دۆلار کێشەی لەسەرە ئەویش پێویستە گەرەنتی ھەبێت مانگانە بۆیان خەرج بکرێت.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشكرد، ئەو قەرزەی ھەیە چارەسەر بکرێت و پرسی دانانی ڕێژەی ھەناردەی نەوت ئەویش دیاری بکرێت و لەگەڵ تورکیاش ئەوە چارەسەر کراوە، بهڵام ئەوەی ئێستا کێشەی لەسەرە ئەوەیە ھەرێمی کوردستان بۆ پێداویستی ناوخۆ چەندی پێویستە بۆ بەکارھێنانی ناوخۆیی و پێشتر ژمارەیەکیان حیسابکردبو دەیهوێت زیاد بکرێت بەھۆی زیادبونی پێداویستی ناوخۆیی بۆ ئۆتۆمبێل و کارەبا و کارگەكان.
ئەوەشیخستەڕو، گفتووگۆكان بەردەوامە لە نێوان شاندی ھەرێم و عێراق و بڕیارە ئەم ھەفتەیە بگەنە ئەنجامی کۆتایی و دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بکرێتەوە، چونکە وڵاتە زلھێزەکان زۆر سورن لەسەر ئەوەی دەستپێبکاتەوە بەتایبەت ئەمریکا و بڕیارە ئەم ھەفتەیە بگەنە ڕێککەوتن.
