لە بەغدا هێرشکرایە سەر نوسینگەی موسەننا عەزاوی کاندیدی هاوپەیمانی عەزم
موسەننا عەزاوی، کاندیدی هاوپەیمانی عەزم، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی نووسیویەتی: بە توندی ئیدانە و شەرمەزاری ئەو هێرشە ترسنۆکانە دەکەین کە کرایە سەر نووسینگەکەمان لە شارۆچکەی یوسفیە و بووە هۆی برینداربوونی یەکێک لە براکانمان.
ئەو کاندیدە دەڵێت: ئیدانەی ئەو کارانەی دوای هێرشەکەش دەکەین، وەک وێنەگرتن، ناوزڕاندن، هەڕەشە و هەوڵی سوکایەتیکردن، کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕەوشت و بەهاکانەوە نییە.
هەروەها دووپاتی دەکەینەوە، ئەم کارە نامۆیانە ناتوانن لە خزمەتکردنی کەسوکارمان و وەستان لەگەڵیاندا بەوپەڕی دڵسۆزی و بەرپرسیارێتییەوە، ساردمان بکەنەوە.
جەختیشیکردەوە باوەڕێکی پتەومان هەیە کە یاسا لە سەرووی هەمووانەوەیە و هێرشکاران زوو یان درەنگ سزای کردەوەکانیان وەردەگرن.

ئەمە لەکاتێکدایە ڕۆژی چوارشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەفا مەشهەدانی، کاندیدی هاوپەیمانی سیادەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی لکێنراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە کوژرا.
لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان گرتەی ڤیدیۆیی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی سەفا بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا دەرکەوتووە ئۆتۆمبێلەکەی لە یەکێک لە شەقامەکانی ناوچەی تارمییە ئاگری گرتووە.
