لە رۆژی ١٠ ئەم مانگەوە گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەردەگیرێت
ڕۆژی هەینی ،وەزارەتی بازرگانی عیراق رایگەیاند، زیاتر لە سێ ملیۆن تۆن گەنمیان لە جوتیارانی باشور و ناوەڕاستی عیراق وەرگرتووە و لە رۆژی ١٠ ئەم مانگەوە گەنمی جوتیارانی هەرێم وەردەگرن.
حەیدەر نوری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ڕاگەیاند، وەزارەتی بازرگانی پێشبینی دەکات بەرهەمی وەرگیراوی ئەمساڵ بگاتە چوار بۆ پێنج ملیۆن تۆن گەنم، تاوەکو ئێستاش زیاتر لە سێ ملیۆن تۆن گەنم وەرگیراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، وەرگرتنی گەنم لە پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاست کۆتاییهاتووە، تەنها لە چەند ناوچەیەک نەبێت کە بەهۆی چاوەڕوانی بارهەڵگرەکانەوە وەرنەگیراوە، بەوهۆیەوە ئەگەری هەیە وادەی وەرگرتنی گەنم تا ٩ی ئەم مانگە نوێ بکەنەوە.
باسی لەوەشكرد، لە ئێستادا وەرگرتنی گەنم لە پارێزگاکانی بەغدا، ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالە، کەرکوک و نەینەوا بەردەوامە، لە هەمانکاتدا لە هەر سێ پارێزگاكەی هەرێم، لە رۆژی ١٠ی حوزەیران دەستدەکەن بە وەرگرتنی گەنم.
ئەوەشیخستەڕوو، وەزارەتی بازرگانی بە زیادکردنی توانای کۆگاکردن، ئامادەکاری تەواوی بۆ وەرزی دروێنە کردووە، بۆ ئەمساڵ سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار تۆن وەرگیراوە، دوو ملیۆن تۆنی ساڵی رابردووش ماوە، ئەوەش دەگاتە ئاستی خۆبژێوی.
