لە هەڵەبجە سێ تۆمەتبار بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەڵەبجە رایگەیاند، سێ کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیر کراون. دوو تۆمەتبار سەرەتا بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیر کران و دواتر دەرکەوت کە بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بڵاویکردەوە، لە ماوەکانی رابردوودا، بنکەی پۆلیسی خورماڵ دوو تۆمەتباری بە ناوەکانی (پ.ئ.م) تەمەن 28 ساڵ و (م.ع.آ) تەمەن 26 ساڵ، بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیر کردووە.
دوای پشکنینی پزیشکیی داد، دەرکەوتووە کە هەردووکیان بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن.
بەپێی بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 30ی یاسا، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوەتەوە.
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا، کەسێک بە ناوی (ڕ .ن .ع) تەمەن 26 ساڵ، کە ماددەکەی پێ فرۆشتوون، لە دەرەوەی سنووری پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن بنکەی پۆلیسی خورماڵەوە بە بڕیاری دادوەر دەستگیر کراوە، بەپێی ماددەی 26ی یاسا.
