لەئەنجامی بۆمبارانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە سنووری ناحیەی دینارتەی دهۆک پیاو و ئافرەتێک شەهید بوون
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، لەئەنجامی بۆمبارانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە سنووری ناحیەی دینارتە، پیاو و ئافرەتێک شەهید بوون.
بۆمبارانەکەی فڕۆکەکانی تورکیا بە دیاریکراوی لە گوندی شەهێ بووە و ئەو دوو کەسەی شەهیدبوون، خەڵکی گوندی "بامشمش"ـن لەسنووری قەزای ئاکرێ و ئاژەڵدار بوون.
ئەو پیاوەی شەهیدبووە ناوی جەعفەر جەلالە و تەمەنی 58 ساڵە، ئافرەتەکەش تینا محەممەد و تەمەنی 48 ساڵە.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، لە چوارقورنە چوار کەس بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەوانی تورکیا گیانیان لەدەستدا.
لە کاتژمێر 3ـی دواینوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا، ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا لاندکروزەر لەسەر ڕێگای سەرەکی گوندی گردجان لە ناحیەی چوارقوڕنەی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین بە ئامانجگرت و لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەدا، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی تریش بەسەختی برینداربووە.
لەکاتێکدا نە حکومەت و نە هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی ئەو هێرشانەی نەکردووە کە بووە هۆی شەهیدبوونی 5 هاونشتیمانی و برینداربوونی کەسێکی تر، جگە لە زیانی ماددی و بەزاندنی سنوور لەلایەن تورکیاوە.
