لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی گرژیەکان رووسیا پشتگیری بۆ ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا دەردەبڕێت
لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی گرژیەکان و چالاک بوونەوەی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و کۆنترۆلکردنیان شاری حەلەب لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا، دیمیتری پێسکۆف وتەبێژی حکومەتی رووسیا جەختیکرد کە مۆسکۆ هەر درێژە دەداتە پاڵپشتییەکانی لە ڕژێمی سووریا بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری سووریا.
ناوبراو لەو بارەیەوە دەشڵێت: پەیوەندی خۆمان لەگەڵ سووریا لەئاستی گونجاو درێژە دەدەین و خەریکی لێکدانەوەی دۆخەکەین و ئەوەی کە یارمەتیدەری سەقامگیری دۆخەکە بێت ئەنجامی دەدەین.
وێنە گەورەکە ئەوەیە: ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سووریا هێرشی کردەسەر شارەکانی حەلەب و ئیدلب لەباکووری ڕۆژئاوای سووریا و دەستیان بەسەر تەواوی شاری حەلەب دا گرا، پاش ئەوەی دەستیان بەسەر تەواوی گوندەکانی ڕۆژئاوای شاری حەلەبدا لە باکووری سووریا گرت و هەروەها دەستیان بەسەر شاری سەراقب دا گرت کە لە ڕووی ستراتیژییەوە گرنگە لەدوای شەڕێکی سەخت لەگەڵ هێزەکانی ڕژێمی سووریا و هاوپەیمانەکانیان، دواجار دوێنێ شەممە زۆرینەی شاری حەلەبی کۆنترۆڵکرد.
ئۆپۆزسیۆنی سووریا ڕایگەیاند، "لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا حەلەب لە ڕووی سەربازی و ئەمنی پارێزراو دەبێت و دواتر پارێزگاکە بەتەواوی لەدەست ڕژێمی سووریا و بەشار ئەسەد ئازاد دەکرێت".
لەلایەکی ترەوە، وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، فەرهاد شامی دوێنێ ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە لێدوانێکیدا لەگەڵ کەناڵی ڕووناهی گوتوویەتی: بەچڕی چاودێری دۆخی حەلەب دەکەین، ئەم هێرشانە و توندوتیژیەی حەلەب لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت.
فەرهاد شامی لەبارەی هەڵوێستی هەسەدە لەو توندوتیژیانە وتی: ئەرکی ئێمە پاراستنی گەل و خاکەکەمانە و لەکاتی پێویستدا هەڵوێستمان دەبێت و وەڵام دەدەینەوە.
لەسەر ئەم ڕووداوانە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: پاراستنی سەقامگیری لە ئیدلب و ناوچە سنوورەکانمان، وەک ئەولەویەتێک بۆ تورکیا دەمێنێتەوە.
دواجار ڕۆژی شەممە 30ـی تشرینی دووەمی 2024، روانگەی سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ ئاشکرایکرد، کە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا (ئەحرار ئەلشام - جولانی) کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت زیاتر لەنیوەى حەلەبى گرتووە و سوپای سووریا لە تەواوی شارەکە کشاوەتەوە.
