لەگەڵ کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق، واشنتۆن نیگەرانە لە بەردەوامی ئۆپراسیۆنەکانی داعش و قاعیدە
ئەمریکا ئەمڕۆ شەممە، نیگەرانیی قووڵی خۆی نیشان دەدات سەبارەت بە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکان و فراوانخوازییەکانی هەردوو ڕێکخراوی داعش و قاعیدە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی: ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەوامە لە پێشینەدان بە هاوبەشییەکان لەگەڵ هاوپەیمانان و لایەنە کاریگەرە هەرێمییەکان لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، هاوکات نیگەرانیی قووڵی خۆمان دەردەبڕین سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکان و فراوانخوازییە هەرێمییەکانی هەردوو ڕێکخراوی داعش و قاعیدە.
لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکە، ئەمریکا ستایشی ئەو وڵاتە ئەندامانەی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد کە فشارەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق، سووریا و سۆماڵ بەردەوام پێداوە. باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوەدا کە ئەم گوشارانە ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبووە لە سنووردارکردنی جووڵە و ئۆپەراسیۆنەکانی ڕێکخراوی داعش.
