ماليکی و سامەڕايی جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوون لەسەر ڕێڕەوی دەستووری دەکەنەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نووری مالکی و سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم، موسەنا سامەڕائی، جەختیان لە گرنگیی یەکخستنی هەڵوێستە نیشتمانییەکان و بەردەوامبوون لەسەر ڕێڕەوی دەستووری کردەوە، بەتایبەتی شایستەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە دانیشتنی سبەی سێشەممەی ئەنجومەنی نوێنەراندا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەست ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاند: "سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نووری مالکی لە نووسینگەی خۆی پێشوازی لە سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم، موسەنا سامەڕائی و شاندێکی هاوڕێی لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە هاوپەیمانی عەزم کرد".
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە دیدارەکەدا باسیان لە دۆسیەی تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکانی پەیوەست بە قۆناغی داهاتوو کرد".
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر گرنگیی یەکخستنی هەڵوێستە نیشتمانییەکان و بەردەوامبوون لەسەر ڕێڕەوی دەستووری، بەتایبەتی ئەو شایستەیەی کە لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا خۆی دەبینێتەوە لەو دانیشتنەی ئەنجومەنی نوێنەران کە بۆ سبەی تەرخانکراوە، وەک هەنگاوێکی سەرەکی بۆ تەواوکردنی پێکهێنانی دەسەڵاتە دەستوورییەکان و ڕێکخستنی کاری دامەزراوەکان".
