مالیکی هۆشداری دەدات لە دەستوەردانی دەرەکی و جەخت لەسەر گرنگی هەڵبژاردنێکی بێگەرد دەکاتەوە
نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، دواخستنی هەڵبژاردن واتای ڕوخانی دیموکراسی و پرۆسەی سیاسییە، بۆیە هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیاندا بەڕێوەدەچن. هەروەها داوای "کرانەوە بەڕوی وڵاتانی دۆست، بەهێزبون لە ناوخۆ و ڕێگریکردن لە دەستتێوەردانی دەرەکی دەكات".
نوری مالیکی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند، گوێ لەوانە مەگرن کە دەڵێن هەڵبژاردنەکان دوادەخرێن، ئەگەر دواخران ئەوا دیموکراسی و پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا دەکەوێت، بۆیە دەنگدان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان پەرەپێدانی مافی دیموکراسی و شەرعی هاوڵاتیانە، و وێستگەیەک نییە بۆ پەکخستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت کە دەبێت لە سەروی ململانێ سیاسی و حزبییەکانەوە بن.
مالیکی باسی لەوەشكرد، "وڵاتێک کە پابەندی یاسا و دەستور نەبێت، وڵاتێکی پڕ لە پشێوی دەبێت"، و جەختی لەسەر پێویستیی "کرانەوە بەڕوی وڵاتانی دۆست، بەهێزبون لە ناوخۆ و ڕێگریکردن لە دەستتێوەردانی دەرەکی" کردەوە.
ئەوەشیخستەڕو، "دەستتێوەردانە دەرەکییەکان گەورەترین سوکایەتییە بۆ گەل، و دەبێت هاوڕایی سیاسی لە نێوان پێکهاتەکاندا هەبێت و ئەگەر ئەمە نەبو، سەقامگیریی ئەمنیی لەدەست دەچێت".
