مالیکی: پێویستە فراکسیۆنە سیاسییەکان بەرپرسیارێتی چاکسازییەکانیان بگرنە ئەستۆ
نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دوپاتیکردەوە کە چەک دەبێت لە دەستی دەوڵەتدا بێت، لە کاتێکدا جەختی لەوەکردەوە کە پێویستە فراکسیۆنە سیاسییەکان بەرپرسیارێتی چاکسازییەکانیان بگرنە ئەستۆ.
نوری مالکی، ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند، "ئێمە بڕوامان وایە کە هیچ دەوڵەتێک بێ یاسا نییە و هیچ وڵاتێک بێ دامەزراوە پێشناکەوێت، عێراق دەبێت ئازاد و سەروەر و سەربەخۆ بمێنێتەوە".
ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا و لە سایەی گرژییەکاندا، پەیامی دڵنیایی دەبەخشێت، و سەرکەوتنی پرۆسەی سیاسییە لە تێپەڕاندنی زۆرێک لە کێشەکانی دوای ڕوخانی ڕژێم. بۆیە پێویستە فراکسیۆنەکان بەرپرسیارێتی چاکسازی دامەزراوەکان بگرنە ئەستۆ".
مالكی باسی لەوەشكرد، "بەشداریکردنی بەرفراوان، نیشاندەری ڕادەی پابەندبونە بە یەکێتی نەتەوەیی. هەروەها چەک دەبێت لە دەستی دەوڵەتدا بێت و ئاسایشیش تەنها بە بەهێزی خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان دەپارێزرێت".
مالکی بانگەوازی لە لایەنە سیاسییە کێبڕکێکارەکان کرد کە "بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتی بگرنەبەر و کێبڕکێ نەبێتە گۆڕەپانێک بۆ هاندان و فیتنە"، دەشڵیت، "پەرلەمان بزوێنەری پرۆسەی سیاسیە و لێپرسینەوە لە حكومەت دەكات".
