ماوەی 12 ڕۆژە خۆپشاندانی مامۆستایانی سلێمانی سەرەڕای کەشوهەوای سەخت بەردەوامە
ماوەی 12 ڕۆژە مامۆستایانی سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە و تەندروستی هەندێکیان خراپە و بەردەوامن لە خۆپشاندان.
ئەم خۆپشاندانانە و ناڕەزایەتی کە دژی حکومەتی هەرێم بەڕێوەدەچێت، بەهۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمە کە تا ئێستا کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم مووچەی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو و بەشێک لە مووچەکانی مانگی یەکی ئەمساڵ دابەش نەکردووە و خۆپشاندەران داوا دەکەن کێشەکانیان بە ڕیشەیی چارەسەر بکرێت و کۆتایی پێبێت.
هاوکات، ماوەی 12 ڕۆژە چەندین مامۆستای ناڕازی لە پێنەدانی مووچەو شایستە داراییەکانیان لە سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە، مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن، "سوورن لەسەر مانگرتن تاوەکو دەگەن بە ئامانجەکانیان".
لەلایەکی ترەوە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە هەولێری پایتەخت، مامۆستا عەلی رەئووف مستەفا، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست لەلایەن ئاسایشی هەولێر دەستگیرکرا، دوای ئەوەی داوای کردبوو خۆپشاندان لە هەولێر و دهۆک دژی حکومەتی هەرێم بەڕێوەبچێت بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانیان.
هەروەها دوێنێ هەینی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەرلەمانتار یوسف کیلابی و شاندێکی پەرلەمانتارانی عێراق سەردانی شاری سلێمانیان کرد و لەگەڵ مامۆستایانی مانگرتوو کۆبوویەوە و پاڵپشتی بۆیان دەربڕی.
لەلایەکی ترەوە د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دوێنێ هەینی لە 11هەمین ڕۆژی مانگرتنی مامۆستایان هۆشداری لە دۆخی تەندروستی مانگرتووان دا و دەڵێت: "لەمڕۆوە دۆخیان پێ دەنێتە باری مەترسیدارەوە".
بەڕێوبەری تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاندووە، لەمڕۆوە قۆناغێكی تری تەندروستی مانگرتووان دەستپێدەكات، كێشیان دادەبەزێت، هەموو ئۆرگانەكانی لەشیان روو لە لاواز بوون دەكات.
لەکاتێکدا تا ئەمڕۆ شەممە 8ـی 2ـی 2025، حکومەتی کابینەی نۆیەمی ماوە بۆ درێژکراوی هەرێمی کوردستان مووچە و شایستە داراییەکانی مانگەکانی 12ـی 2024 و مووچەی بەشێک و فەرمانبەرانی مانگی 1ی 2025 دابەشنەکردووە، لەکاتێکدا ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم و وتەبێژی حکومەت وەرگرتنی بڕی 958 ملیار دینار بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی مانگی 1 لە وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگەیاند.
هەرچەندە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە مامۆستایانی سلێمانی کردبوو کە واز لە خۆپشاندان و مانگرتنیان بێنن و دەڵێت: "كێشەی مووچە چارەسەرکرا"، بەڵام هیچ کردارێکی جددی لەوبارەیەوە بۆ مامۆستایانی سلێمانی و کوردستان نەکراوە و تا ئێستا مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچە و شایستە داراییەکانی دوو مانگی پێش ئێستایان وەرنەگرتووە.
تا ئەمڕۆ شەممە، ماوەی 12 ڕۆژە خۆپشاندان و مانگرتنی مامۆستایانی شاری سلێمانی سەرەڕای سەرما و کەشوهەوای سەخت بەردەوامە.
