ماوەی هەشت ڕۆژە مامۆستایانی سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە و تەندروستی هەندێکیان خراپە
ماوەی هەشت ڕۆژە مامۆستایانی سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە و تەندروستی هەندێکیان خراپە.
ئەمەش لەکاتێکدا دوێنێ دووشەممە 3ـی شوباتی 2025، هەزاران هاوڵاتی و مامۆستای شار و شارۆچکەکانی پارێزگای سلێمانی ڕوویان لەشاری سلێمانی کرد بۆ ئەنجامدانی خۆپشاندانێکی فراوان دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هاوکات، ماوەی هەشت ڕۆژە چەندین مامۆستای ناڕازی لە پێنەدانی مووچەو شایستە داراییەکانیان لە سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە، مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن، "سوورن لەسەر مانگرتن تاوەکو دەگەن بە ئامانجەکانیان".
لەلایەکی ترەوە، لە هەولێری پایتەخت، مامۆستا عەلی رەئووف مستەفا، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست لەلایەن ئاسایشی هەولێر دەستگیرکرا، دوای ئەوەی داوای کردبوو خۆپشاندان لە هەولێر و دهۆک دژی حکومەتی هەرێم بەڕێوەبچێت بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانیان.
لەکاتێکدا تا ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی 2ـی 2025، حکومەتی کابینەی نۆیەمی ماوە بۆ درێژکراوی هەرێمی کوردستان مووچە و شایستە داراییەکانی مانگەکانی 12ـی 2024 و مانگی 1ی 2025 دابەشنەکردووە.
هەرچەندە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە مامۆستایانی سلێمانی کرد کە واز لە خۆپشاندان و مانگگرتنیان بێنن و دەڵێت: "كێشەی مووچە چارەسەرکرا"، بەڵام هیچ کردارێکی جددی لەوبارەیەوە بۆ مامۆستایانی سلێمانی و کوردستان نەکراوە و تا ئێستا مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچە و شایستە داراییەکانی دوو مانگی ڕابردوویان وەرنەگرتووە.
