موراد قەرەیلان:هیچ کەسێک ناتوانێت گەمارۆی پەکەکە بدات و سەرکوتی بکاو لەناوی بەرێت
موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە ڕایگەیاند، وانەیان لە ئەزمونەکانی 2002 - 2004 وەرگرتوە، هیچ کەسێک ناتوانێت گەمارۆی پەکەکە بدات و سەرکوتی بکا و لەناوی بەرێت. دەشڵێت، "گەر دەوڵەتی تورک لەسەر توندییەکانی بەردەوام بێت، ئەوا بەو زمانەی وەڵامی دەدەینەوە كە تێیدەگات".
موراد قەرەیلان، لە میانەی وتەیەكدا كە مێژوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كاتی كۆنگرەی پەكەكە و میدیاكانی ئەو پارتە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویانكردوەتەوە دەڵێت، "شتی هەرە باش لەم قۆناغە گرنگەدا یەکدەستی و یەکهەڵوێستییە. وانەمان لە ئەزمونەکانی ساڵانی 2002 - 2004 وەرگرتوە. یانی وێڕای کەموکوڕییەکان بە گوێرەی هێڵی ڕێبەر ئاپۆ نزیکبونەوەیەک لەئارادایە".
ئاماژەی بەوەشكرد، لە هەرساتێکی تێکۆشانیاندا زۆر باش دەزانن گەر ڕێبەر ئاپۆ لە بابەتێکدا دڵنیایەتی نەبێت، ئەوە ناچێتە ئەوکارەوە. بۆیە ڕێبەر ئاپۆ لەم پرۆسەیەدا دڵنیایە، کەواتا مسۆگەرە. هەربۆیە ئەوانیش باوەڕیان پێیەتی. پەیوەست بە دەوڵەتی تورکەوە ناتوانن باسی باوەڕ و متمانە پێبون بکەن، پراکتیکی دەوڵەتی تورک لەبەرچاوە. بەڵام بە هەمو جۆرێک باوەڕمان بە ڕێ و ڕێبازی ڕێبەر ئاپۆیە.
قەرەیلان باسی لەوەشكرد، "جەنگی سێهەمی جیهانی لە ناوچەكەدایە. لە ناوەڕۆکی خۆییدا ناوەندی ئەو جەنگەش کوردستانە. لەسەر خاکی کوردستان هیچ هێزێکی هاوشێوەی پەکەکە نییە، کە ئەوەندە ساڵ شەڕی کردبێت و بەرفروان بوبێت. بە پوختی کەس ناتوانێت گەمارۆمان بدات، سەرکوتمان بکات و لەناومان بەرێت".
ئەوەشی خستەڕو، لە مانگی (تشرینی یەكەم/1)ـی ئەمساڵ کۆبونەوەی ئەنجومەنی فەرماندەیی ڕێکخرا كە ماوەی نۆ ڕۆژ بەردەوام بو. لەو کۆبونەوەیەدا گەیشتینە بڕیار و دۆکترینێک (شێوازی شەڕی تایبەتی خۆپاراستن). هەرچەندە زۆر زیاتر باوەڕیان ئۆجەلانە، بەڵام ئامادەكاریش بۆ شێوازی نوێی شەڕ دەكەن و لە ئاستێکی کاریگەردا خاوەن هێزن.
