مووشەکێک لە یەمەنەوە ئاراستەی ئیسرائیل کرا
وتەبێژی سەربازیی گرۆپی ئەنساروڵای یەمەن (حوسییەکان) ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند گرۆپەکە ئۆپەراسیۆنێکی "چۆنایەتی"یان ئەنجامداوە کە فڕۆکەخانەی (بن گوریۆن)یان کردە ئامانج بە مووشەکێکی بالیستی هایپەرسۆنیکی "فەلەستین ٢". وتەبێژی حوسییەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتوویی ئامانجەکەی خۆی پێکا و بووەتە هۆی ئەوەی ملیۆنان کەس بەرەو پەناگەکام هەڵبێن و هاتوچۆی ئاسمانی ڕاگرتووە".
سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ مووشەکێک لە یەمەنەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ زەنگی ئاگادارکردنەوە لە تەواوی ئیسرائیل لێدراوە و بەرپەچی مووشەکێک دراوەتەوە کە لە یەمەنەوە ئاڕاستەکرابوو.
ئاماژە بەوەدراوە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیان خستووەتە کار بۆ رێگریکردن لە هەر هێرشێکی دیکەی مووشەکی یان درۆن.
سوپای ئیسرائیل داوا لە ئیسرائیلییەکان دەکات، پابەندی رێنماییەکانی فەرماندەیی بەرەی ناوخۆ بن بە مەبەستی پاراستنییان.
