موچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوتای موچەی خانەنشینانی عێراقی لێدەکرێت
سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی دڵنیایی دەدات کە موچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوتای موچەی خانەنشینانی عێراقی لێدەکرێت، وەزیری دارایی عێراقیش ئامادەیی تەواوی خۆی دەربریوە بۆ ئەو مەبەستە.
د. جەمال کۆچەر سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتو لە پەرلەمانی عێراق لە بڵاوکراوەیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوسیویەتی، لەگەڵ شاندێکی یەکێتی خانەنشینانی هەرێمی کوردستانی سەردانی جاسم عەبود سەرۆکی دادگای فیدڕاڵییان کردوە.
د. جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەشکردوە، سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی موچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دوپاتی کردەوە، کە بڕیارەکانی دادگاکە جێبەجێ دەکرێت و موچەی خانەنشینانی زاخۆ تاوەکو بەسرە هاوتا دەکرێن.
سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی ئاماژەی بەوەشکردوە، چەند رۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق گفتوگۆی کردوە و وتویەتی "ئامادەم موچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوتای خانەنشینانی عێراقی بکات".
