میسر جەختی لە "پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ یەکپارچەیی عێراق و سەلامەتی خاکەکەی" کردەوە
میسر جەختی لە "پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ یەکپارچەیی عێراق و سەلامەتی خاکەکەی" کردەوە. عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر لە میانەی كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ مەسرور بازرانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ستایشی هەوڵەکانی عێراق و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی کرد کە ئامانجیان چەسپاندنی سەقامگیری و ئاشتییە لە ناوچەکەدا. هەروەها داوای لە حکومەتی هەرێم کرد سود لە توانای کۆمپانیا میسرییەكان وەربگرێت.
محەمەد ئەلشناوی، وتەبێژی فەرمی سەرۆکایەتی کۆماری میسر لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، سەرۆک سیسی لە کۆبونەوەکەدا جەختی لە "پشتیوانی تەواو و بەردەوامی میسر بۆ عێراق، و بۆ یەکپارچەیی و سەلامەتی خاکەکەی، و پشتیوانیکردنی لە ڕوبەڕوبونەوەی ئەو ئالەنگارییە زۆرانەی ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت، بەتایبەتی تیرۆر" کردەوە.
بەپێی وتەی وتەبێژی سەرۆکایەتی میسر، لە گفتوگۆکاندا باسیان لە پەیوەندییەکانی هاوکاری ئابوری نێوان میسر و عێراق کردوە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. سیسی جەختی لە "پەرۆشی میسر بۆ قوڵکردنەوەی هاوکاری ئابوری بە هەمو شێوەکانییەوە لە نێوان هەردولادا کردەوە، و لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بە توانا گەورەکانی کۆمپانیا میسرییەکان کرد، بەتایبەتی لە بوارەکانی وزە و ژێرخان، و ئەو ئەزمونانەی کە لە ناوەوە و دەرەوەی میسر هەیانە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، سیسی داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد سود لە توانای ئەو کۆمپانیایانە وەربگرێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بە کوالێتی بەرز و تێچوی کێبڕکێکارانە. لەبەرامبەردا بارزانی پێشوازی لە ڕۆڵی کۆمپانیا میسرییەکان لە عێراق کرد، و جەختی کردەوە کە لە کاتی سەردانەکەیدا چاوەڕوانە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی میسر کار بکات بۆ تاوتوێکردنی ڕێگەکانی بەهێزکردنی هاوکاری، و سودوەرگرتن لە ئەزمونەکانی میسر لە ژمارەیەک کەرتی لە پێشینە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لەلایەکی دیکەوە بارزانی پێزانینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆڵی میسر و سەرۆک سیسی دەربڕی لە "پشتیوانیکردنی عێراق، و لە گێڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە"، و جەختی کردەوە کە "حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانە بەردەوام بێت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هاوکاری لەگەڵ دامەزراوەکانی میسردا".
