مەحەممەد سەڵاح نزیکبۆتەوە لە جێهێشتنی لیڤەرپول بەرەو خولی سعودیە
کەناڵە وەرزشیەکانی سعودیە ئاشکرایان کرد کە یاریزانی نێودەوڵەتی میسری محەممەد سەڵاح، هێرشبەری یانەی لیڤەرپوول، زۆر نزیکە لە جێهێشتنی یانە ئینگلیزییەکە بۆ ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ خولی سعودی.
پێشکەشکاری بەرنامەی "دیوانیە" لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: "سەرچاوەکانی بەرنامەی دیوانیە پشتڕاستی دەکەنەوە کە محەممەد سەڵاح دوا یاری خۆی لەگەڵ لیڤەرپوڵ بەرامبەر نیوکاسل یونایتد ئەنجام دەدات (ئەمرۆ یەکشەممە)، پاشان دەچێت بۆ دوبەی بۆ پشکنینی پزیشکی وەک ئامادەکاری بۆ چوونە پاڵ یانەی ئیتیحادی سعودی".
وتیشی: "چاوەڕوان دەکرێت گرێبەستێکی گەورە ئەنجام بدرێت بۆ یانەی ئیتیحاد بۆ بەهێزکردنی ڕیزەکانی و هەروەها بۆ بەشداریکردنی لە جامی جیهانی یانەکاندا".
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەوانی ئیتاڵی "ڕودی گالێتی" کە پسپۆڕە لە هەواڵی گواستنەوەی یاریزانەکان، پشتڕاستی کردەوە کە سەڵاح بەرپرسانی لیڤەرپوڵی ئاگادارکردووەتەوە کە دەیەوێت ئەزموونێکی نوێ دەست پێ بکات لە خولی پیشەیی سعودیە.
