مەسرور بارزانی: ئەم دەستكەوتە بەرهەمی ڕەنج و خەبات و دڵسۆزیی ڕۆڵەكانی ئەم وڵاتەیە كە ئێستا دەیبینن
مەسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان ڕایگهیاند، سەرەڕای هەمو ئەو قەیران و گرفتانەی كە بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكرێن ئەگەر ئیرادەی بەهێز هەبێت و نیشتمانپەروەری دڵسۆز هەبن، هیچ شتێك مەحاڵ نییە، ئەم دەستكەوتە بەرهەمی ڕەنج و خەبات و دڵسۆزیی ڕۆڵەكانی ئەم وڵاتەیە كە ئێستا دەیبینن.
مەسرور بارزانی ئهمڕۆ یهكشهممه له وتارێكدا لە ڕێورەسمی كردنەوەی دوسایدی گۆمەسپان-سماقوڵی، ڕایگهیاند، "سەرەڕای هەمو ئەو قەیران و گرفتانەی كە بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكرێن، سەرەڕای ئەو هەمو كێشە و گرفتانەی كە بۆ ئابوریی كوردستان و پێشخستنی كوردستان دروست كران، ئێمە ئێستا وەستاوین بەرانبەر بە خەڵكی كوردستان، بەرانبەر بە هەمو جیهان كە پێیان بڵێین: ئەگەر ئیرادەی بەهێز هەبێت و نیشتمانپەروەری دڵسۆز هەبن، هیچ شتێك مەحاڵ نییە، ئەم دەستكەوتە بەرهەمی ڕەنج و خەبات و دڵسۆزیی ڕۆڵەكانی ئەم وڵاتەیە كە ئێستا دەیبینن".
ئاماژهی بهوهشكرد، "ئەم دوسایدە بەشێكە لە پرۆژەیەكی گەورەتر كە لە شاری هەولێرەوە دەستپێدەكات، بەڵام ئەم بەشەی كە ئێستا ئێمە ئامادەین لێی، دوسایدی سماقوڵی - گۆمەسپان كە بە دەوری بەنداوی گۆمەسپانیش دەسوڕێتەوە، ئەمە ڕێخۆشكەر دەبێت بۆ بەستنەوەی پارێزگای هەولێر بە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و ئاسانكاریی هاتووچۆ بۆ خەڵكی ئەم دەڤەرانە دەكات، لە لایەكی ترەوە ئاسانكاری دەكا و یارمەتیدەر دەبێت بۆ كەمكردنەوەی ڕوداوی هاتوچۆ، بە تایبەتی كە شەقامی لەم ئاستە و بەم جۆرە دروست دەكرێت".
مەسرور بارزانی دهشڵێت، "ئەم پرۆژەیە بەشێكە لە پرۆژەیەكی گەورەتر، ماستەرپلانێكی تۆكمە دانراوە بۆ ئەوەی ئەم شوێنە ببێتە شوێنێكی گەشتیاریی گرنگ كە خەڵكی هەولێر و خەڵكی هەمو كوردستان سوودی لێ وەربگرن و خەونی ئێمەش ئەوەیە كە كوردستان بە تێكڕا ببێت بە شوێنێك كە هەم هاوڵاتییانی كوردستان لێی سودمەند بن، هەم ئەوانەی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن چ لە عێراق، چ لە ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی، یانیش لە دەرەوە كە بێن و ئەم ناوچە گەشتیارییە جوانانەی هەرێمی كوردستان كە دەبینن، ئەوانە هەم خۆیان سوودیان لێ وەربگرن، هەم خەڵكی ئەم دەڤەرانە بتوانن لە ڕوی گەشتیارییەوە، لە ڕوی بوژانەوەی ئابورییەوە سودمەند بن لە هاتنی گەشتیارەكان".
