مەسرور بارزانی :داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەم ڕێگری لەدووبارەبوونەی ئەم هێرشانە بکەن
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمشەو بۆ سەر كۆرمۆر دەکەم، داوا لە حکومەتی عێراق دەکەم جدییانە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو روداوە بکات، دەبێت کۆنگرۆڵی ئەو گروپە نایاساییانە بکرێت کە زیان بە هەموان دەگەیەنن، ئامادەشێن لەگەڵ بەغدا هەماهەنگی بکەین بۆ دانانی سنورێک بۆ ئەم هێرشانە."
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، "بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمشەو بۆ سەر كۆرمۆر دەکەم، سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو چوار هاووڵاتییە سڤیلە دەکەم کە گیانیان لەدەستدا، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم. وەزارەتی تەندروستیم ڕاسپاردووە کە هەموو هاوکاری و پاڵپشتییەکی پێویست پێشکەش بکات."
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکردوە، "داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەم کە بە شێوەیەکی جیددی لێکۆڵینەوە بکات و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەران بکات و دڵنیایی بە خەڵکی هەرێمی کوردستان بدات. بەپێی زانیاریی سەرەتایی، ئەم هێرشانە لە ناوچەیەکی نزیک لەناو خاکی عێراقەوە ئەنجام دەدرێن ."
ئەوەشی خستوەتەڕو، "چاوەڕوانی ڕێکاری خێرا دەکەین لە بەغدا بۆ ئەوەی ڕێگە نەدات ئەم جۆرە هێرشانە ببنە مایەی هەڕەشە بۆ ئێمە. دەبێت کۆنتڕۆڵی ئەو گرووپە چەکدارییە نایاساییانە بکات کە زیان بە هەموومان دەگەیەنن."
مەسرور بارزانی باسی لەوەشکردوە، "هێرشکردنە سەر ناوەندەکانی وزە کە کارەبا دەدەنە ملیۆنان ماڵ لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، هەروەها هەوڵەکانی هەولێر و بەغدا بۆ پەرەپێدانی سێکتەری وزە تێکدەدات. ئەم هێرشانە بەردەوام دووبارە دەبنەوە و بە تاوانی جەنگ دادەنرێن".
دەشڵێت، "ئامادەین لەگەڵ بەغدا هەماهەنگی بکەین بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەم هێرشانە دابنرێت."
