مەسرور بارزانی: قبوڵی ناکەین هیچ کەس دەست بۆ یەک بست لە خاکی هەرێمی کوردستان ببات
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ماوە بۆ درێژکراوی هەرێمی کوردستان لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کۆمەڵێک هاونشتیمانی سنووری پارێزگای سلێمانی لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە بێدەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ دهۆک و خاکی هەرێمی کوردستان، کە لە میدیای فەرمی حکومەتی هەرێم بڵاوکرایەوە دەڵێت: "قبوڵی ناکەین هیچ کەس دەست بۆ یەک بست لة خاکی هەرێمی کوردستان ببات".
ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەى چەندین ڕۆژە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەچڕى بۆردوومانى ناوچە جیاوازەکانى سنوورى دهۆک و ڕۆژهەڵاتی هەولێر و باکووری پارێزگای سلێمانی دەکەن و جگە لەوەش لەشکرکێشی گەورەی کردۆتە ناوچەکە و چەندین بازگەیان لەسنووری دهۆک داناوە و داواى ناسنامە لە هاوڵاتیان ئەو ناوچانە دەکەن.
زانیاری زیاتر…
چەندین ساڵە سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان بوونی هەیە و زیاتر لە چل بارەگای سەربازی بۆخۆی و هێزەکانی لە پارێزگای دهۆک و ڕۆژهەڵاتی هەولێر دروستکردووە بە بیانوی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان، لەکاتێکدا هێرشە فڕۆکەوانیەکانی تورکیا بوونە هۆی کوژرانی زیاتر لە 130 هاوڵاتی سڤیلی هەرێمی کوردستان لەماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا و لەسەرتای ئەمساڵ بەگوێرەی ڕێکخراوەی CPT، دە هاوڵاتی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە کە ئەمانە تەنها ژمارەی ڕاگەیندراوەکانە، لەبەرامبەردا چەندین هاوڵاتی تری مەدەنی لە شەنگال لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا کراونەتە ئامانج.
