مەسرور بارزانی: لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم کرد
نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی سەردانی پیرمامی کرد و لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی کۆبوویەوە، "پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمیان گفتوگۆ کرد".
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەڵێت: "ئەمڕۆ پێشوازیمان لە بەڕێز بافڵ تاڵەبانی کرد و گفتوگۆمان لەبارەی هەنگاو و ڕێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، هەردوولا کۆبوونەوەکانمان بە ئەرێنی هەڵسەنگاند و هاوڕابووین لەسەر گرنگیی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار".
پێشتر نووسینگەی رۆژنامەوانیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە 16ـی 3ـی 2025، لەشاری هەولێر بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
هاتووشە، کۆبوونەوەکە لەبارەی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە و لێکەوتە سیاسییەکان، خۆئامادەکردن بۆ پێشهاتەکان، پێگەی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.
لەلایەکی ترەوە فازڵ میرانى، سکرتێری گشتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی رایگەیاند، "مەسرور بارزانى ویلایەتى دووەمى سەرۆک وەزیرانى بۆ نوێدەکرێتەوە".
