مەسرور بارزانی وباڵیۆزی بەریتانیا دوایین ڕووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم وعیرفان سدیق باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق تاوتوێی دوایین ڕووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکەیان کرد .
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كەدەستی موتەڵع کەوتووە، بڵاویکردەوە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد.
وتیشی: لە دیدارەكەدا كە ئەندرۆ بیزلی، كونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، وێڕای جەختكردنەوە لەسەر پێشخستنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە، بیروڕا لەبارەی پێویستی و گرنگی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ، بە تایبەتی دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لە زووترین كاتدا، كە پێویستە چیتر دوا نەكەوێت.
لە بەشێكی دیكەی گفتوگۆكاندا، دوایین ڕووداو و پێشهاتەكانی ناوچەكە تاووتوێ كرا و جەخت لە گرنگی پاراستنی ئاشتی و ئارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرایەوە.
