مەسرور بارزانی: پابەندبوونی حکومەت بە داکۆکیکردن و دابینکردنی مافەکانی کرێکاران دووپات دەکاتەوە
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاران پابەندبوونی حکوومەت بە داکۆکیکردن و دابینکردنی مافەکانی کرێکاران دووپات دەکاتەوە.
پێنجشەممە، 1-05-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاو کردەوە.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەو بۆنەیەوە "گەرمترین پیرۆزبایی" لە گشت کرێکارانی کوردستان، عێراق و جیهان دەکات و دەڵێت: ڕێز و پێزانینێکی زۆرم بۆ ماندووبوون و ئەرک و بەشداریی کارای كرێكارانی كوردستان لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستاندا هەیە.
بە گوتەی مەسرور بارزانی "حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵانی ڕابردوودا، هەوڵی زۆری داوە و کاری کردووە لە پێناو باشترکردنی دۆخی ژیانی کرێکاران و پاراستنی مافەکانیان، لەم ڕووەشەوە، پابەندبوونی خۆمان بە داکۆکیکردن و دابینکردنی مافەکانی کرێکاران لە ڕووی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی و مافە یاساییەکان و باشترکردنی هەلومەرجەکانی کارکردنیان دووپات دەکەینەوە."
