مەسرور بارزانی: پڕۆژەی هەژماری من دەستکەوتی کابینەمە
ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیيانی زانكۆی كوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی تشرینی یەكەمی 2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیيانی زانكۆی كوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو.
سەرۆکی حکومەتی ماوە بۆ درێژکراوی هەرێمی کوردستان، لە گوتارێكدا ئاماژەی بەوەكرد، كە دەرچوونی ژمارەیەکی دیکە لە قوتابیيان، بەشداریيهکی گرنگە لە پێشخستن و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە و هیوای خواست کە ڕۆڵێکی دیاریان لە بونیادنانی ئایيندەیەکی گەش بۆ کوردستان.
مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا تیشكی خستەسەر هەڵبژاردنەکانی هەرێمی كوردستان و جەختی کردەوە کە ئێستا لە قۆناغی ئامادەکاریداین بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی کوردستان. کە پێویستە حکومەتکە لە ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكانی داهاتوو بێت، ئەمەش دەخوازێت زیاتر هاوكاریی لە نێوان دامەزراوەكاندا هەبێت.
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە گوتارەكەیدا گوتی: ئەو سەرکەوتنەی لەم هەفتەیەدا لە هەڵبژاردنەکان بەدەستمان هێنا، ئەو ئەرکەی نوێکردەوە کە لەلایەن گەلەوە پێمان سپێردراوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانمان، بۆیە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم كە بێنە پاڵ پڕۆژەی نیشتمانیمان بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی وڵات لە ڕێگەی خستنەگەڕی تواناكانی سەرجەم دامەزراوە پەروەردەیی و فێركارییەكان.
ئەوەشی خستەڕوو، کە هەرێمی كوردستان هەمیشە مەڵبەندێکی سەقامگیرییە لە ناوچەیەكی پڕ لە نائارامی و گێژاودا، بۆیە جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە فاکتەرێکی ئارامی و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.
مەسرور بارزانی هەروەها باسی لە بەشێك لە پڕۆژەکانی كرد كە لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان کاری لەسەر کرد، لەنێویشیاندا پڕۆژەی (هەژماری من) كە تا ئێستا نزیکەی 700 هەزار كەس لە فەرمانبەرانی كەرتی گشتی لەم پرۆژەیەدا تۆمار كراون، مەسرور بارزانی ئەوەی بە دەستکەوت ناساند.
