مەسعود بارزانی: پاپا رۆڵێکی بەرزی لە بڵاوکردنەوەی پەیامی مرۆڤدۆستی و ئاشتیدا هەبوو
مەسعود بارزانی بۆ کۆچی دوایی پاپا فرەنسیس، رێبەری کاسۆلیکەکانی جیهان پەیامێکی بڵاوکردەوە و پاپا فرەنسیس بە مرۆڤێکی مەزن ناو دەبات کە "رۆڵێکی بەرزی لە بڵاوکردنەوەی پەیامی مرۆڤدۆستی و ئاشتیدا هەبوو".
رۆژی دووشەممە 21ـی نیسانی 2025 مەسعود بارزانی بەبۆنەی کۆچی دوایی پاپا فرەنسیس پەیامێکی بڵاوکردەوە و سەرەخۆشی لە مەسیحییانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکات.
دەقی پەیامی مەسعود بارزانی بۆ کۆچی دوایی پاپا فرەنسیس
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی قەداسەتی پاپای ڤاتیکان (پاپا فرەنسیس)ـم پێ گەییشت. پاپا فرەنسیس پیاوێکی مەزن بوو کە ڕۆڵێکی بەرزی لە بڵاوکردنەوەی پەیامی مرۆڤدۆستی و ئاشتیدا هەبوو.
پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆم ئاراستەی خوشک و برایانی مەسیحی لە کوردستان و عێراق و سەرانسەری جیهان دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.
ڕۆحی قەداسەتی پاپا فرەنسیس شاد بیت و لە خودای گەورە داواکارم سەبر و ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت.
