مەسعود بارزانی: گرنگە هەمو لایەك دەستوبرد بكەن بۆ كاراكردنی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتێكی بنكەفراوان
مەسعود بارزانی، لەمیانی پێشوازی لە سەلاحەددین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتو جەختیكردەوە كە پێویستە هەمو پارتە سیاسیەكان، بەشداری لە پێكهێنانی ئەنجومەنی سیاسی بكەن، بەڵام ئەنجومەنەكە نابێتە بەدیلی دامەزراوەكان، دەشڵێت، "گرنگە هەمو لایەك دەستوبرد بكەن بۆ كاراكردنی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتێكی بنكەفراوانی نیشتیمانی".
بەگوێری ڕاگەیەندراوێكی بارەگای بارزانی، مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەلاحەددین بەهائەدین كرد و ئەمینداری یەكگرتو لە دیدارەكە وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی ناوچەكە جەختی لەوەكردەوە كە سەرەڕای بونی جیاوازیی بۆچونی سیاسیی نێوان لایەنەكان، دۆخەكە وا دەخوازێ كە دەبێ ڕاگۆڕینەوە و هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان هێزە سیاسیەكان لەسەر بابەتە هەستیارەكان هەبێت.
هەروەها سوپاسی ڕۆڵی مەسعود بارزانیشی كرد بۆ ئەو پەرۆشی و بەدەنگەوەهاتن و هەوڵە بەردەوامەكانی بۆ پاراستنی گەلی كورد لە ڕۆژئاوا و هەروەها ئەو ڕۆڵە كاریگەرەی لە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیادا بینیویەتی.
هەر لەو دیدارەدا پەیوەست بە دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە مەسعود بارزانی ئەوەی دوپاتكردەوە كە هەرێمی كوردستان بەشێك نیە لەو شەڕە و هەمیشە خوازیاری گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەی كێشەكانە. هەورەها باسی لەوەشكرد كە ئەولەویەتمان پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی كوردستانە.
لە بەشێكی تری وتەكانیدا سەرۆكی پارتی نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی هەندێ گروپ لە پەراوێزی ئەم شەڕە ناوچەییەدا و لەژێر بیانوی بێ بنەما پەلاماری هەرێمی كوردستان دەدەن و ڕاشیگەیاند داوا لە حكومەتی عێراق و چوارچێوەی هەماهەنگی كراوە كە سنورێك بۆ ڕەفتاری ئەم گروپە لە یاسا دەرچوانە دابنرێت.
پەیوەست بە پڕۆسەی ناوخۆی هەرێم، سەرۆك بارزانی ئەوەی دوپاتكردەوە كە لەبەر بەرژەوەندییە باڵاكان و هەستیاریی قۆناغەكە پێویستە لایەنە سیاسییەكان هەماهەنگی و گفتوگۆی زیاتریان هەبێت و گرنگە هەمو لایەك دەستوبرد بكەن بۆ كاراكردنی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتێكی بنكەفراوانی نیشتیمانی كە تێیدا هەمو لایەك شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتی.
هەروەها مەسعود بارزانی بۆ بابەتی پێكهێنانی ئەنجومەنی سیاسیش بە پێویستی زانی، كە هەمو پارتە سیاسیەكان تێیدا بەشداربن، بەڵام ئەو ئەنجومەنە نەبێتە ئەلتەرناتیڤی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان.
