مەندەلاوی و حەکیم جەختیان لە گرنگی تەواوکردنی شایستە دەستورییەکان کردەوە
موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی "ئەساس"ی عێراقی و سەید عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئەو سەقامگیرییەی کە بەدیهاتووە و تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان کردەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساسی عێراقی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاند: موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساسی عێراقی چاوی بە سەید عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی کەوت و تێیدا باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی ڕەوشی سیاسی، تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان کرد.
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئەو سەقامگیرییەی کە بەدیهاتووە و تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان کردەوە بەجۆرێک کە لە بەرژەوەندیی بەهێزکردنی ئەم سەقامگیرییەدا بێت، جگە لە یەکخستنی دیدگا و بەرنامەکان و هاوبەشیکردنی خەمە هاوبەشەکان لە نێوان هەموو ئەو هێزانەی بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆیە، بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی باڵای عێراق بکات.
هەروەها هاتووە: لە میانی دیدارەکەدا جەخت لەسەر یەکڕیزیی چوارچێوەی هەماهەنگی کرایەوە، وەک گەرەنتییەک بۆ مافی پێکهاتەی زۆرینە و کۆڵەکەیەکی سەرەکی بۆ سەقامگیری، هەروەها گرنگیی یەکگرتوویی هەڵوێستە سیاسییەکان بەجۆرێک کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر دیمەنی گشتی هەبێت
