مەندەلاوی و فەیاز جەخت لەسەر تەواوکردنی ڕێکارە دەستوورییەکان و پێکهێنانی حکومەت دەکەنەوە
محسن مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەمڕۆ شەممە، جەختیان لەسەر تەواوکردنی ڕێکارە دەستوورییەکان و پێکهێنانی حکومەت کردەوە
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "محسن مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، لەگەڵ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، کۆبووەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی سیاسی بە ئامانجی ڕێکخستنی ڕێڕەوەکانی قۆناغی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی".
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەدا، "هەردوو لا پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنیان لە یەکتری گۆڕییەوە"، جەختیان لەوە کردەوە، "ئەنجامە ئێستاییەکان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش دەخاتە سەر هێزە نیشتمانییەکان بۆ بەردەوامبوون لەسەر سازدانی خولی شەشەمی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی نوێ، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە دەستپێکردنی ڕێڕەوی سیاسی داهاتوو".
مەندەلاوی، بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، جەختی لە "گرنگی چەسپاندنی ژینگەی تێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان هێزە سیاسییەکان و پەیڕەوکردنی دیالۆگی بەرپرسیارانە وەک بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکان و پێکهێنانی دیدگایەکی سیاسی گشتگیر کە سەقامگیری ناوخۆیی بەهێز بکات و پشتگیری لە ڕێڕەوەکانی گەشەپێدان بکات" کردەوە، ئاماژەی بەوەشدا، "خێراکردن لە تەواوکردنی ڕێکارە دەستوورییەکانی داهاتوو هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەیە لە دڵنیابوونەوەی خەڵک و پاراستنی سەقامگیری و وەرگێڕانی ئیرادەی دەنگدەران.
