مەهەپە داوا دەکات بەزووترین کات چەکدانانی پەکەکە تەواو بکرێت
سەرۆکی مەهەپە داوای کرد هەرچی زووە پڕۆسەی چەکدانانی (پەکەکە) تەواو بکرێت ،وتيشى، پڕۆسەی "تورکیا ئازاد لە تیرۆر" بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان و بڕیاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ هەڵوەشاندنەوە و چەکداماڵین گەیشتۆتە قۆناغێکی هەستیار و گرینگ و هیچ گەڕانەوەیەکیش تێدا نییە.
باخچەلی ئەمڕۆ لە میانی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی تورکیا دووپاتی کردەوە کە گوێ لە هەوڵەکان نادەن بۆ بەربەست خستنە سەر پرۆسەکە و بەردەوام دەبن لە کارەکانیان بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی بزوتنەوەی نەتەوەپەرەستی توركیا (مەهەپە) لە وتەیەكدا لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمان رایگەیاند "پێویستە هەرچی زووە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە تەواو بکرێت و زۆر بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو هاندانە توندانە بکرێت کە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی شەڕی نوێ".
ئاماژەی بەوەشدا "پێویستە ئومێدەکان زۆربن و کەشێکی ئاشتیی زاڵ بێت. لەمەدا گەڕانەوە نییە. بە پێچەوانەوە ئەنجامەکانی لەوەی چاوەڕوان دەکرێت ترسناکتر دەبن".
