ناتۆ ستايشى ڕۆڵی ستراتیژی عێراق دەکات لە پتەوکردنی ئاسایشی هەرێمایەتی
هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناتۆ لەمیانی سەردانەکەی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە بۆ بارەگای فەرماندەیی هاوبەشی هاوپەیمانییەکە لە شاری ناپۆلی پایتەختی ئیتاڵیا ستایشی ڕۆڵی سەرەکی عێراقی کرد لە بەرەوپێشبردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
وەزارەتی دەرەوە لەڕاگەیەنراوێکدا کە دەستی موتەڵع کەوتووە ڕایگەیاند: "حسێن پێشوازییەکی فەرمی لێکرا لەلایەن فەرماندەی گشتی فەرماندەیی هاوبەش لە ناپۆلی، ئەدمیراڵ ستیوارت بی. مونش، بە ئامادەبوونی نیکۆلا فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە بەغداد، و ژمارەیەک لە سەرکردە باڵاکانی هاوپەیمانێتییەکە."
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، "وەزیری دەرەوە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەدمیراڵ مونش ئەنجامدا، کە پیرۆزبایی ڕۆژی نیشتمانی عێراقی لە وەزیر کرد، و جەختی لەسەر پەرۆشی هاوپەیمانێتییەکە کردەوە بۆ بەهێزکردنی هاوبەشییەکی بنیاتنەر لەگەڵ عێراق."
دووپاتیشیکردەوە، کە "لە کاتی کۆبوونەوەکەدا، هەوڵەکانی ناتۆ بۆ پشتگیریکردنی تواناکانی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق خرایە ڕوو، و ڕێگاکانی پەرەپێدانی هاوکاری بە لەبەرچاوگرتنی ڕێککەوتنە بەردەستەکان، بەتایبەتی لە بواری ڕاهێنان و ئاڵوگۆڕی شارەزایی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق، تاوتوێکران."
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە ، فوئاد حسێن "ئاستی پەیوەندییە گەشەسەندووەکانی نێوان عێراق و ناتۆی بەرز نرخاند"، و "ڕۆڵی گرنگی نێردەی ناتۆ لە عێراق"ی بەرز نرخاند، و "ئامادەیی حکومەتی عێراقی" دووپاتیکردەوە "بۆ دابینکردنی هەموو ئاسانکارییە پێویستەکان بۆ بەهێزکردنی ئەم هاوکارییە بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو لا بکات."
لەلای خۆیەوە، ئەدمیراڵ مونش "ڕێز و پێزانینی زۆری خۆی بۆ ئەو هاوکارییە دەربڕی کە حکومەتی عێراقی لە جێبەجێکردنی پڕۆگرامەکانی هاوبەشی و ڕاهێناندا پیشانی دەدات"، و "ستایشی ڕۆڵی سەرەکی عێراقی کرد لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی، و هیوای سەرکەوتنی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق خواست؛ بەهۆی ئەوەی کە هەنگاوێکی گرنگە لە چەسپاندنی دیموکراسی و بەهێزکردنی سەقامگیری ناوخۆیی."
ڕاگەیەنراوەکە کۆتایی هات بەوەی کە "کۆبوونەوەکە تاوتوێی گەشەسەندنەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئێستای کرد، و جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و ڕاوێژکردن لەنێوان عێراق و ناتۆ کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکان و بە شێوەیەک کە بەشداری لە پاراستنی ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتیدا بکات
