ناوخۆ شەهیدبوونی کارمەندێک لە هەڵکوتانێک لە بەسرە ڕادەگەیەنێت و8 داواکراو دەستگیر دەکات
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی ناوخۆ، شەهیدبوونی کارمەندێک و برینداربوونی 3ی تری ڕاگەیاند، دوای ئەوەی هێزێکی ئەمنی لە بەسرە ڕووبەڕووی تەقەکردنی ڕاستەوخۆ بوونەتەوە.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، ئاماژەی بەوە کردووە کە "بە خەم و پەژارەیەکی زۆر و شانازییەکی مەزنەوە، هەواڵی شەهیدبوونی مفەوزی پاڵەوان (جەبار موازي عبيد جوهر البوصالح) ڕادەگەیەنین، کە یەکێکە لە کارمەندانی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای بەسرە و لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکی نیشتمانیدا لە قەزای قوڕنە شەهید بوو، ئەمەش دوای ئەوەی هێزێکی ئەمنی لە کاتی هەڵکوتانە سەر چەند تۆمەتبارێکی دۆسیەیەکی کوشتن کە پەیوەندی بە کێشەیەکی کۆنی عەشایەرییەوە هەبوو، ڕووبەڕووی تەقەکردنی ڕاستەوخۆ بوونەوە."
ئاماژەی بەوەشکرد: "شەهید هەڵوێستێکی پاڵەوانانەی تۆمار کرد کاتێک خەریکی ڕاوەدوونانی یاساشکێنان بوو و گیانی خۆی فیدای ئاسایشی هاووڵاتیان و چەسپاندنی شکۆی دەوڵەت کرد"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەم خوێنە پاکە بە نیشانی شانازی بە سنگی دامەزراوە ئەمنییەکانەوە دەمێنێتەوە و دەبێتە پاڵنەر بۆ بەردەوامبوون لە ڕێگەی توندی بەرامبەر هەر کەسێک کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری بدات."
ئەوەشی خستە ڕوو کە "ئەم هێرشە تاوانکارییە بووەتە هۆی برینداربوونی سێ کارمەندی فەوجی فریاکەوتنی باکووری بەسرە ، دەستبەجێ گوازراونەتەوە بۆ یەکێک لە ناوەندە تەندروستییەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست، ئێستاش لە ژێر چاودێری پزیشکیدان و باری تەندروستییان جێگیرە، هاوکات فەرماندە پەیوەندیدارەکان بەردەوام بەدواداچوون بۆ دۆخی تەندروستییان دەکەن."
ڕوونیشیکردەوە کە "وەک تەواکەری ڕێکارەکان، یەکە ئەمنییەکان دەستیان کردووە بە هەڵمەتێکی فراوانی گەڕان و پشکنین لەو ناوچەیەی ڕووداوەکەی تێدا ڕوویداوە، کە بووە هۆی دەستگیرکردنی (8) تۆمەتبار، لەنێویاندا چوار تۆمەتباری سەرەکی کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ تێوەگلابوون لە تاوانەکەدا، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی چوار چەک و ئۆتۆمبێلێک کە بۆ هاتووچۆکردنیان بەکاریانهێنابوو"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "ڕێکاری یاسایی بەرامبەر تۆمەتبارەکان گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند بکرێن."
وەزارەتی ناوخۆ بەپێی ڕاگەیەندراوەکە جەختی کردەوە کە "هەڵمەتەکە هێشتا بەردەوامە بۆ شوێنپێهەڵگرتنی هەر ئەندامێکی تری تێوەگلاو، و چاوپۆشی لە هیچ کەسێک ناکەن کە هێرش بکاتە سەر هێزە ئەمنییەکان یان هەڕەشە لە ئاسایشی هاووڵاتیان بکات"، دووپاتیشیکردەوە کە "شکۆی دەوڵەت و سەروەری یاسا لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و وەڵامەکان توند و یەکلاکەرەوە دەبن بەرامبەر هەر کەسێک هەوڵی یاری کردن بە ئاسایش بدات یان چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت بەکاربهێنێت."
