ناوخۆ ڕەتیدەکاتەوە پڕۆژەی یەکخستنی کارتی نیشتمانی و کارتی نیشتەجێبوون بدرێت بە کۆمپانیایەکی سووری
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی ناوخۆ، ڕەتیکردەوە کە پڕۆژەی یەکخستنی کارتی نیشتمانی لەگەڵ کارتی نیشتەجێبوون بدرێت بە کۆمپانیایەکی سووری.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وەزارەتەکە بە ئاژانسی هەواڵی موتەڵع گەیاندووە، هاتووە کە "ئەوەی لە هەندێک ماڵپەڕی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بە گواستنەوەی پڕۆژەی یەکخستنی کارتی نیشتمانی لەگەڵ کارتی نیشتەجێبوون بۆ کۆمپانیایەکی سووری، هەواڵێکی ناڕاستە و هیچ پەیوەندییەکی بە ڕاستییەوە نییە."
وەزارەتەکە دووپاتی کردەوە، کە "بەڕێوەبردنی سیستەمی زانیاریی شارستانی بەڕێوەبردنێکی نیشتمانیی پوختە، و بە تەواوی لەلایەن کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی و پاسپۆرت و نیشتەجێبوونەوە بەڕێوەدەبرێت، و بەپێی حوکمەکانی یاسای کارتی نیشتمانی ژمارە (3)ی ساڵی 2016."
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆمپانیای تەکنیکی جێبەجێکاری پڕۆژەکە، کۆمپانیای (فيردوسی ئەڵمانی)ـیە، کە کۆمپانیایەکی جیهانی پسپۆڕە، و سەرجەم ڕەزامەندییە ئەمنییەکانی لە لایەنە پەیوەندیدارە باڵاکانەوە بەدەست هێناوە، و لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆژەکەوە تا کاتی ئێستا هاوڕێیەتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی کردووە، بە پێچەوانەی ئەو زانیارییە نادروستانەی بڵاوکراونەتەوە."
لەبارەی بابەتی یەکخستنی کارتی نیشتەجێبوون لەگەڵ کارتی نیشتمانیدا، ئاماژەی بەوەدا کە "ئەم ڕێکارە پڕۆژەیەکی سەربەخۆیە، بە پشتبەستن بە دەقی بڕگەی (35/یەکەم)ی یاسای کارتی نیشتمانی، کە دەڵێت: متمانەکردن بە کارتی نیشتمانی لەلایەن لایەنە حکومی و ناحکومییەکانەوە بۆ سەلماندنی کەسایەتی هاوڵاتی و ناساندنی ڕەگەزنامەی عێراقی، وەک جێگرەوەیەک بۆ بڕوانامەی ڕەگەزنامە و ناسنامەی باری شارستانی و کارتی نیشتەجێبوون، لەگەڵ متمانەکردن بە ژمارەی ناسێنەر لە تۆمارەکانی دەوڵەتدا بۆ دڵنیابوونەوە لە مافە شارستانی و یاسایی و مرۆییەکانی هاوڵاتی."
وەزارەتەکە ڕوونی کردەوە کە "زانیارییەکانی نیشتەجێبوون لەناو سیستەمی زانیاریی شارستانیدا لە کارتی نیشتمانیدا بە شێوەیەکی تەکنیکی سادە پەسەند دەکرێت، بەگوێرەی ئەو گەشەکردنەی لە سیستەمەکانی بەڵگەنامەسازیی نوێدا هەیە"، جەختیشی لە "پەرۆشی خۆی بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی دەنگۆکان، و پێویستی پشت بەستن بە زانیارییەکان لە سەرچاوە فەرمییە پەسەندکراوەکانەوە" کردەوە.
