نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەرزبوەوە
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەرزبوەوە. بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، هێرشە درۆنییەكان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، یەكێك لە هۆكارەكانی بەرزبونەوەی نرخی نەوت.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، نرخی نەوت بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەشێوەیەك كە لە ئێستادا یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە 69 دۆلار و 78 سەنت و هەروەها یەك بەرمیل نەوتی تەكساس بە 67 دۆلار و 83 سەنت مامەڵەی پێوەدەكرێت.
بەرزبونەوەی نرخی نەوت بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز لەبەر دو هۆكارە، یەكەمیان ئەوەیە كە یەكێتی ئەوروپا گەیشتۆتە رێككەوتن لەبارەی سەپاندنی یەك گورز سزای نوێ بەسەر روسیادا بەهۆی شەڕی ئۆكرانیاوە لەگەڵ گرتنەبەری چەند رێكارێك لە دژی كەرتی نەوتی و وزەی روسیا.
ئاژانسەكە، ئەو هێرشە درۆنیانەشی كە چەند رۆژێكە دەكرێنە سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بە هۆكارێكی دیكەی بەرزبونەوەی نرخی نەوت ناوبردوە.
دو بەرپرس لە كەرتی وزە بە ئاژانسەكەیان وتوە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان لە نزیكەی 280 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەوە بۆ نزیكەی 140 هەزار بۆ 150 هەزار بەرمیلی رۆژانە دابەزیوە.
ئەو بەرپرسانە هێمایان بۆ ئەوە كردوە كە رەنگە گروپە چەكدارەكانی لایەنگری ئێران لەپشت هێرشە درۆنییەكانەوە بن، لەكاتێكدا تاوەكو ئێستا هیچ گروپێك بەرپرسیارێتی هێرشەكانی لە ئەستۆ نەگرتوە.
