نوێترین نەوەی رۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤ لەلایەن کۆمپانیایەکی چینییەوە دروستکرا
نوێترین نەوەی رۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤ، لەلایەن کۆمپانیای "شاندۆنگ یوبیۆ تەی"ـی چینییەوە دروستکرا. رۆبۆتەکە بەرزییەکەی 170 سانتیمەتر و کێشی 43 کیلۆگرامە، توانای ئەنجامدانی جوڵەی جۆراوجۆری وەک رۆیشتن، هەنگاونان و راکردن و بەرزکردنەوەی دەست و سوڕانەوەی قۆڵەکانی هەیە، ئەمەش وەرچەرخانێکی گرنگ لە بواری دروستکردنی رۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤدا دروستدەکات.
رۆبۆتە باڵا بەرزەکە، دەتوانێت بەشێوەیەکی جێگیر بەخێرایی 7.2 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا رابکات، توانای جوڵە نەرمەکانی بە داهێنانێکی نوێ و سەرجڕاکێش ناودەبرێت.
بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە بۆچوونی وایە، ئەم رۆبۆتە مرۆڤدۆستە هاوکارێکی باشی مرۆڤ دەبێت لە ئەنجامدانی ئەرکەکاندا.
فان یۆنگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای شاندۆنگ یوبیۆ تەی، دەڵێت: "لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا، لەگەڵ گەشەسەندنی بەردەوامدا بەساڵاچوونی دانیشتووان، کەمیی هێزی کار لە زیادبووندان. جا چ لە ژینگەکانی کارکردندا بێت یاخود هاوکاریکردنی کەسانی بەساڵاچوو لە ماڵەوە، خەڵک رۆبۆتیان پێویست دەبێت بۆ ئەوەی رۆڵ و ئەرکە جیاوازەکان لە ئەستۆ بگرێت. بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاوە رۆبۆتەکان زیرەکتر و هەرزانتر دەبن. لە داهاتوودا رۆبۆتەکان کارەکانی وەک گواستنەوەی کاڵا و کۆکردنەوەی بەرهەم لە کارگەکاندا و هەڵگرتنی بەرهەم لە کێڵگەکاندا ئەنجامدەدەن".
لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیاکە سەگێکی رۆبۆتی زیرەکی دروستکردووە، کە توانای ئەنجامدانی ئەرکی جیاواز و هەڵگرتنی قورسایی هەیە و تایبەتە بە هاوکاریی مرۆڤ.
سەگە رۆبۆتییەکە ناوی Y30، دەتوانێت باری قورس هەڵبگرێت، 300 کیلۆگرام لەکاتی وەستاندا و 160 کیلۆگرام لەکاتی جوڵەدا. دەتوانرێت بۆ زۆرێک لە ئەرکەکان لە پیشەسازییەکاندا بەکاربهێنرێت، وەک پشکنینی کارەبا، ئاگرکوژێنەوە، گەڕان و رزگارکردن پاش کارەساتەکان، پشکنینی کێڵگەکان و پشکنینی عەمبارەکان.
کۆمپانیاکە، ئامانجەیەتی لەڕێگەی بەرهەمهێنانی رۆبۆتە مرۆڤدۆستەکانییەوە هاوکاریی مرۆڤەکان بکات لە ئەنجامدانی ئەرکەکان بەتایبەت لە ناوچە پیشەسازییەکاندا.
